پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، هەواڵی کوژرانی مەجید خادمی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ڕاگەیاند؛ ڕووداوێک کە لە درێژەی زنجیرە هێرشە ئامانجدارەکان بۆ سەر بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت.
ئەم بەیاننامەیە هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە شوێنی کوژرانی خادمی بڵاو نەکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە چەندین هێرشی ئاسمانی ناوچە جیاوازەکانی تارانی کردە ئامانج.
ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران وەک یەکێک لە سەرەکیترین قۆڵە ئەمنییەتی و سەرکوتکارییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا دادەنرێت، کە لە پاڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، دەستبەسەرکردنی دژبەران و سەپاندنی گوشار بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنییدا.
کوژرانی خادمی تەنیا چەند مانگێک دوای کوژرانی محەممەد کازمی، بەرپرسی پێشووی ئەم دامەزراوەیە لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا، نیشاندەری بەردەوامیی پرۆسەی سڕینەوەی ئامانجداری کەسایەتییە سەرەکییەکانە لە پێکهاتەی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییدا.
لەو پەیوەندییەدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوەیکە خادمی یەکێک لە سێ بەرپرسی پلەبەرزی سپا بووە، وتی کە کوژرانی ناوبراو گورزێکی قورس لە توانایی ئیتلاعاتی و عەمەلیاتی سپای پاسدارانە.