لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ڕۆژی ٩ی ڕەشەممەی مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بە ٦٧١ دڕۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە نوێترین پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا کەمپەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک شاری کۆیە بە ٢ مووشەکێک و ٦ دڕۆن هێرشیان کراوەتەوە سەر.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی باشووری کوردستان و هەرەوەها حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا بە ٢١ مووشەک و دڕۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە ١٧ هێرشیان بۆ سەر هەولێر و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بوون و چوارەكەی دیکەش بۆ سەر سلێمانی.
بەهۆی پەلامارە مووشەکی و دڕۆنی و دەستدرێیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەرەوەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم هەتا ئێستا ١٤کەس شەهید بوون کە شەش کەسیان پێشمەرگەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و ٩٣ کەسیش بریندار بوون. هاوکات ئەو هێرشانە زیانی ماددی و کاولکارییەکی زۆریشی لێ کەوتۆتەوە.