
غالب حەبیبی
"بەبێ دابینبوونی دێموکراسییەکی شێلگیر و سەقامگیر لەئێراندا خودموختاری کوردستان بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە، وێنای ئێمە لە دێموکراسی، واتە پلۆڕالیزم".
دوکتور قاسملوو
پێشباس
بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد و خەباتی هەشت دەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام ئاوێتەی هزری دێموکراسی بووە. ئەم چەمکە هەم لە ناوی حیزبدا و هەم درووشمگەلی ستراتژیک و دواڕۆژیدا ڕەنگی داوەتەوە و دەبێ هەر لەو ئاستەشدا هەوڵی وێژمانی و کردەیی بۆ بدات. گرینگیی ئەو بابەتە و پێداگریی حیزبی دێموکرات لەمەڕ کارکردی دێموکراسی ئەو لێڵی و ناڕوونییەی لەلای بەردەنگ درووست کردووە کە ئەگەر بەو ئاقارە بێ ئیتر پرسی نەتەوەیی دەکەوێتە پەراوێزەوە؛ بەڵام ئەوە پێشتر لە لایەن دوکتور قاسملووەوە ڕوون کراوەتەوە کە "خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یا خەباتی چینایەتی". یان ئەوەی کە؛ وەپێشدانی دێموکراسی لە درووشمی ستراتژیکیی حیزبدا بە واتای ئەوەی دێموکراسی هەمەکە (کلی) و خودموختاری هەندەکە (جزئی) نییە". گرنگیی دێموکراسی بۆ حیزبی دێموکرات و بزاڤی نەتەوایەتی لەم ڕۆژانەدا بە ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" وەدیار کەوت. گرنگایەتیی ئەم ڕووداوە بۆ پرسی دێموکراسی و هەڵوێست و کاردانەوەی نەرێنیی بەرەی سەڵتەنەتخوازی، نێوەڕۆکی ئەو بابەتە پێکدێنێت.
بیردۆزییەک
لە ئێستادا شەپۆلی چوارەمی دێموکراسی لە وڵاتانی نادێموکراتیک هاتووەتە بەرباس کە بە دێموکراسیی لانیکەمی دەناسرێ کە لەوێدا دەسەڵاتی سیاسی (دەوڵەت) لە ڕێگەی ڕکەبەرایەتی و بەشداریی حیزبە ئۆپوزیسیۆنەکان و تەنانەت دەستەبژێری نێو حکوومەتی لەسەرکاربوو دەست دەخرێت. ئەم پڕۆسەیە تایبەت بە دەورانی تێپەڕ و پەڕینەوە بۆ دێموکراسی و پێداگری لەسەر ڕۆڵ و کارکردی دەستەبژێری سیاسی (حیزبەکان) دەکرێ کە دەسپێکی پڕۆسەکە لە سەرێ بۆ خوارێیە. واتا، لێدانەواندن و سازانەکان هێزی جووڵێنەری پەڕینەوە بۆ دێموکراسییە. ئەم لێدانەواندن و هاوپێوەندییە دەبێ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش بگرێتەوە، بەڵام لەم بیردۆزەدا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە ڕێکخستن و بەسیجی سەرچاوەکان، یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازن. کات و ساتی پەڕینەوەی لەم چەشنە، پڕە لە تەمتومان و شیمانە کە کردە و کردار ڕۆڵێکی گرنگتری لە بونیاد و فەرهەنگی سیاسی دەبێ. بە واتایەکی دی پێکهاتەی ئەکتەرگەلی سیاسی (حیزبەکان) و شێوازگەلی کردەی سیاسی دەتوانێ فەزای تێپەڕین بۆ دێموکراسی بەرهەڤ بکات. ئەم هەلومەرجە بۆ حیزبە ئۆپوزیسیۆنەکان چەشنێک ئیمکان و دەرفەتی سیاسی دێنێتە ئاراوە کە بتوانن لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی سەرچاوەکاندا خۆ بنوێنن.
کورتە مێژوویەک
ئێران نزیک بە ١٢٠ ساڵە بەڕواڵەت خەریکی داڕشتنی ژیانی سیاسیی و تەمرینی دێموکراسییە، بەڵام ئێستە تازە باس لە "هەڵگەڕانەوە بۆ بەرەی ڕاست" و "گەڕانەوەی پەهلەوی" لەنێو بەناو هەندێ ئۆپوزیسیۆن دەکرێ. ئەو هەموو ساڵە بە دەیان کتێب، ڕۆشنگەری و شیکردنەوە بۆ هۆیەکانی نەگەیشتن بە دێموکراسی وەک ئامانجی بنەڕەتیی گشت چالاکییەکیی سیاسی کراوە، کەچی نە فەرهەنگی سیاسیی دێموکراتیک هاتووەتە ئاراوە و نەک دامەزراوەگەلی سیاسیی ئەوتۆ. ڕەنگە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوە بێ کە فرەچەشنی و جۆراوجۆری ئێران لە بواری زمانی، دینی، نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیکی وەکوو کەتوار و پێشمەرجی ئەو پێڤاژۆیە لەبەرچاو نەگیراوە. بۆیە وێڕای هەوڵی بچووکی مەشرووتەخوازان بۆ بنەجێکردنی یاسای "دامەزرانی ئەیالەت و ویلایەتەکان"، هەنگاوی ناتەواوی موسەدق بۆ "سەربەخۆیی سیاسی" لە بێگانە، شۆڕشی بەناو "شا و خەڵک-شۆڕشی سپی"ی حەمەڕەزاشا و درووشمی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی"ی خومەینی، هیچیان دێموکراسییان نەهێنایەدی. حاتەم قادری، توێژەری زانستی سیاسی دەڵێ؛ گشت شۆڕش و وەرچەرخانەکانی ئێران تەنیا نێوەڕۆک و ناخیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پێکهاتە و بونیادەکان هێشتا لەجێی خۆیانن و دەبێ لە نەزمی نوێی ئێراندا ئەو بونیادە نەگۆڕە گۆڕانکاریی بەسەردا بێ و فرەیی نەتەوەیی، زمانی و دینی لەبەرچاو بگیردرێ تاکوو شۆڕش بە واتای ڕاستەقینەی بێتە ئاراوە.
دژبەرانی دێموکراسی لەئێراندا
مەبەست لە گۆڕینی پێکهاتەی سیاسیی لە ئێرانی داهاتوودا بەدیاریکراوی دوو دامەزراوەی سەرەکیی مێژووی دەسەڵاتی سیاسیی (دەوڵەت)ـیە کە بریتین لە ڕۆحانییەت و دەربار. ئەم دامەزراوەگەلە هەتا پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئاگایانە و نائاگایەنە، پاڵپشتیکەری یەکدی بوون. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا وێڕای دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ، تەواوکەری یەکدین. بۆیە جیاوازییەک لەنێوان سەڵتەنەت (دربار) و ویلایەتی فەقیهـ(بیت)دا نییە و پێکهاتە و بونیادی دەسەڵاتی سیاسیی (دەوڵەت) هەریەک شتە. هەڵبەت دامەزراوەی ئابووری (بازار) لە ئێراندا بەپێچەوانەی کارکردی زاتیی خۆی لە وڵاتانی دیکە کە دامەزراوەی نزیک لە پڕۆسەی دێموکراسییە، لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا بوونی سوود و قازانجی ڕانتی ــ ماڵی بوو بە هاوپەیمانی دامەزراوەی ڕوحانییەت. بۆیە بونیادەکان نەگۆڕاون و تەنیا یەکیان چووەتە جێگەی ئەوی دیکە لە لووتکەی دەسەڵاتدا. ئەو گۆڕانە تێکچڕژاوە بە یارمەتیی و دەستێوەردانی وڵاتانی ئیمپڕیالیستی لە سەرێ بۆ خوارێ کراوە. واتە داڕشتن و دامەزرانی دەوڵەتگەلێک کە هاوتەریبی قازانجە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەوان بێ و نەزمێک بێنێتە ئاراوە کە گۆڕانە کۆمەڵایەتی و وەرچەرخانە سیاسییەکان نەتوانێ گەورەترین دەسکەوتی کۆمەڵگەی مودێڕن کە دێموکراسییە لەو ناوچەیە سەقامگیر بێ.
ئەو دوو یان سێ هۆکارێتییەی نێو ئێران لە هەر جڤاکێکی سیاسی دیکەشدا دیاردەیەک بەنێوی یەکبوون بەڵام بە نێوەڕۆکی لەنێوبردنی گشت جیاوازی و لێکنەچوونێک لەپێناو ئەو بەناو یەکبوونە بەرهەڤ دەکات کە لەم سەردەمەی مێژووی سیاسی ئێراندا بە "هەڵگەڕانەوە بۆ ڕاست" و "میللیگەرایی"ناوزەد کراوە کە لە ئەساسدا دژ بە پلۆڕالیزمە، فرەییەک کە بەو تایبەتمەندییەی کە وەڵاتی ئێران هەیە شتێک نییە بێجگە لە هەمدیسان ڕەنێونان و بەرهەمهێنانەوەی سەرەڕۆیی و بە دەڵەمەیی مانەوەی دێموکراسی لە ئێراندا.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان
ئەو ڕووداوە گرنگایەتییەکەی لەوێدا دەردەکەوێ کە شەش ڕێکخراوی سیاسیی کوردستان کە ئایدیۆلۆژیی جیاواز، نوێنەرایەتی چین و توێژێک و ڕابردوویەک لە ململانێی سەخت و نەرمیان هەیە توانیویانە هاوپەیمانییەک پێک بێنن کە "وزە و ڕیزەکانی یەک خستووە" و" قورسایی و دەوری زیاتری بە بزووتنەوەی سیاسی" لە کوردستان بەخشیوە تاکوو چلۆنایەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتووی پێی هێڵبەندی بکەن. ئەم ئەزموونە لە هاوپەیمانییە سیگناڵێک ڕوو بە ئێرانە کە؛ یەکەم، ناوەند لە ڕێی پەراوێزەوە ساخ دەبێتەوە و دووەم، ئەو ساخکردنەوەش بەبێ سازانی ئەو هێز و لایەنانەی نوێنەرایەتیی نەتەوە و ئایدیۆلۆژیی جیاواز دەکەن سەر ناگرێ. ئەم پڕۆژە سیاسییە پەڕینەوە بەرەو دێموکراسییە. هەڵبەت سەرگرتنی سەرکەوتووانەی ئەو پەڕینەوەیە کە هاوپەیمانیی کوردستان بە "گشتگیر" و " ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک" پەسنی دەکا، بەندە بە و مامەڵەی ئەو هێزگەلە، هەڵسوکەوتێک کە لە مێژووی سیاسیی ئێراندا نەبووە و لە هەنووکەشدا هێزگەلی نادێموکراتیکی وەک سەڵتەنەتتەڵەب بەتەمان کە هەموو بابەت و کێشەیەکی دیکە زەق بکەنەوە تاکوو پڕۆسەی دێموکراسیخوازی لە ئێراندا بە ئاکامی دڵخوازی نەتەوەکان نەگات.
جەستەمەندبوونی دێموکراسی (بەرئەنجام)
ئەوە گوترا کە ئەگەر تاکوو ئێستا دێموکراسیی ئەوپەڕگری (حداکثری) لە ئێراندا کە بەرهەمی درێژخایەنی هێزە کۆمەڵایەتییەکانە نەهاتووەتە دی، بەڵام دەرفەت و لوانی دێموکراسیی لانیکەمی بەهۆی ڕێککەوتنی حیزبەکانەوە لەئارادایە. ئەم چەشنە لە هاتنەدیی دێموکراسی دەکرێ وەک جەستە و تەنی دێموکراسی چاوی لێ بکەی. ئەم توانایەی حیزبەکان بۆ دەستەبەری دێموکراسی لە توانایی ڕێکخستن و بەکارهێنانی سەرچاوگەلی ماددی و ناماددیدایە کە حیزبەکانی کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو بانگەشەیەن کە کوردستان لە بواری سیاسیدا لە پێش ناوچەکانی ئێرانەوەیە. ئەم ئەزموونە سەرەڕای گەشە و ئامادەیی بەڵام هێشتا ئامانجی بنەڕەتیی خۆی کە هەمان ڕەوینەوەی مەترسیی لەباربردنی لەلایەن هێزەکانی ناوەندە نەهێناوەتە دی. ئەم مەترسییەش وەک لە وتەکەی دوکتور قاسملوودا هاتووە بە دابینبوونی دێموکراسی دەڕەوێتەوە.
گرەکوێرەی دێموکراسی لە ئێراندا نە لە نێوەڕۆک بەڵکوو لە پێکهاتە و بونیادەکاندایە، بۆیە سەرەڕای مێژووی ١٢٠ ساڵەی ئێرانییەکان بۆ بنەجێکردنی ژیانی سیاسی دێموکراتیک بەڵام هێشتا ئەو هیوایە نەهاتووەتە دی. وا دیارە ئەم کێشەیە لە بونیاد و پێکهاتەی ئەو ژیانە سیاسییە دایە کە هەمزاد و هەمزاتی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ئێراندایە و لەو ماوە دوورودرێژەدا دەستی بۆ نەبراوە و لە زۆر بواردا بە هێڵی سوور و تاوان دانراوە. ئەو دەوڵەتە هیچ کات ئامادە نەبووە دەسەڵات دابەش و دان بە فرەیی ئێراندا بنێ. لەو پێوەندییەدا حیزبەکان بەهۆی کارکردی بنەڕەتییان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی و پێگەیینی سیاسەتەکانی حکوومەت، دەکرێ و دەبێ هەوڵی جیددی بۆ داڕشتنەوەی ئەو دەسەڵاتەی ناوەند بدەن کە هۆکار و بەربەستی سەرەکی جێگربوونی دێموکراسی لە ئێراندا بووە. حیزبگەلێک کە بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتیی نەتەوەکان و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان دەکەن و پاشان هێزی مۆبیلیزکردن و بەکارهێنانی سەرچاوگەلی هەبێ. ئەم دۆخە لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان بەگشتی و ناوەند بەتایبەتی بەهۆی جیاجیا، لاوازە و لەجیاتی حیزبایەتی، "کیشی شەخسییەت" باڵادەستە و ئەو دیاردەیەش لەم ڕۆژانەدا لە ڕەزا پاڵەوی بەرجەستە کراوە.
کەواتە، ئەگەر بارودۆخی هەنووکەیی ئێران لە بەردەم وەرچەرخانێکی گەورە دایە و نامانهەوێ بونیادەکانی پێشوو هەروا بەردەوام بن و ناکرێ سەدەیەکی دیکەش چاوەڕێ ململانێی هێزە کۆمەڵایەتی ـ ئابوورییەکان بین تاکوو دێموکراسی بەدی بێنن، لێدانەواندن و ڕێکانەی حیزبە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران کە نوێنگەی پلۆڕالیزمی سیاسی وەڵات دەنوێنن، فرەیی و هەمەچەشنییەک دێنێتە ئاراوە کە ڕێگەی گەیشتن بە دێموکراسی لانیکەمی بە تێچوویەکی کەم دەستەبەر دەکات.