کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ چوار تۆمەتباری دۆسییەی ئێکباتان

10:23 - 5 جۆزەردان 2726

لقی ١٥ی دادگای ئینقیلابی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵواتی، چوار تۆمەتباری دۆسییەی ئێکباتانی تاران و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینای بە تۆمەتی "موحاربه" بە لەسێدارەدان مەحکووم کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئۆرگانی هەواڵی کۆمەڵەی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئێران "هێرانا"، ئەم کەسانە پێکهاتوون لە "میلاد ئارمۆن"، "نەوید نەجەران"، "مێهدی ئیمانی" و "محەممەد مێهدی حوسێنی".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم حوکمە لە کاتێکدا دراوە، کە پێشتر دادگای تاوانەکان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست سزای تری بەسەردا سەپاندبوون، بەڵام دیوانی باڵا ڕەتی کردبوونەوە؛ دواتر لە پێداچوونەوەیەکدا سزاکانیان بۆ زیندان و دانی دیە گۆڕدرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بۆ هەندێک لە تۆمەتبارانی دیکەی ئەم دۆسییەیەش حوکمی زیندان و سزای تەواوکاری دەرچووە.

لەسەر ئەم بنەمایە، "ئەمیرمحەممەد خۆش‌ئێقباڵ"، "عەلیڕەزا بەرمەرز پوورناک"، "عەلیڕەزا کەفایی" و "حوسێن نیعمەتی" هەر کامەیان بە پێنج ساڵ زیندان بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی"، دوو ساڵ حەبس بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و هەروەها دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و دوو ساڵ قەدەغەکردنی نیشتەجێبوون لە تاران و پارێزگای ئەلبورز مەحکووم کراون.

هێرانا هەروەها لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەکەوە ڕایگەیاند کە حوکمە دەرچووەکان بەبێ ئامادەبوون و ئاگاداریی پارێزەرانی تۆمەتباران و بە شێوازی زارەکی بەوان ڕاگەیەندراون و تا ئێستا ڕاگەیاندنی فەرمی بە پارێزەرانی دۆسییەکە نەکراوە.