
ئاسۆ مێنبەری
لە گەرمەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناچەکەدا و لەو کاتەدا کە فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا خەریکی بوردومانی ئێرانن و تەنگیان بەو ڕێژیمە دژەمرۆییە هەڵچنیوە، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دوایین پەلەقاژەکانی خۆی بۆ مانەوە، لە بواری میدیاییشدا بێدەنگ دانەنیشتووە و بە بڵاوکردنەوەی زنجیرەفیلمێک، خەریکی ڕەواییدان بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە و هاوکات سەرکوتی خەڵک لە نێوخۆی ئێرانە!
لەو کاتەدا کە هێڵەکانی ئینتێرنێت پچڕاون و خەڵکی نێوخۆی ئێران بە بارمتە گیراون و هەموو جۆرە پێوەندییەکیان لەژێر چاوەدێریی چڕدایە و هیچ دەستڕاگەیشتنێکیان بە دنیای دەرەوە نەماوە، دەنگوڕەنگی سەرکوتکاری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی فیلم لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیی خۆیدا خەریکی چەواشەکردنی ڕاستییەکانە. فیلمی "روشنایی شب"، نوێترین بەرهەمی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامییە کە جیا لەوەی تێیدا هەوڵ دراوە کورد و حیزبە کوردستانییەکان وەک تێرۆریست بناسێنێ، یەکێک لە ئامانجەکانی زەقکردنەوەی ژن وەکوو سووژەیەکی سەرەکی لە ڕووداوەکانە.
لەسەر بەشی یەکەم کە باس لە پرسی کوردە، دەرفەت زۆرە و زۆر جار باس لەو بابەتە کراوە کە حەقیقەتی بزووتنەوەی کوردی لە کوردستان، وێژمانێکی ڕزگاریخوازانەیە و کورد وەک نەتەەوەیەکی بندەست هەمیشە هەوڵی داوە خۆی لە دیلی و بندەستی ڕزگار بکات و بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە ڕێگەی خەباتی ڕەوای لەبەر گرتووە. ئەوەی لەم وتارەدا باسی لێ دەکرێت، کەڵکوەرگرتن لە بوونی ژن وەک سووژەیەکی سەرەکییە. لەم فیلمەدا کە وا پێدەچێت بەسێکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بێت هەوڵ دراوە کە ژنێکی سەر بە ڕێژیم وەکوو کەسایەتییەکی ڕزگاریدەر نیشان بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە ژنێک لە پێگەی مۆرەیەکی ئیتلاعاتیی ڕێژیمەوە کە نوێنەرایەتیی ڕێژیم دەکات، وەک کەسێکی زیرەک و کارزان ڕۆڵ دەگێڕی کە لە خزمەت دەزگای سەرکوتدایە.
لەم فیلمەدا چەمکی "ژنی بەهێز" دەستی بەسەردا گیراوە و نیشان دراوە کە ژنی بەهێز ژنێکە کە هەوڵی لەنێوبردنی دوژمن دەدات، بەرانبەر بە ڕێژیم وەفادارە و بەشێک لە ماشینی سەرکوت و دەزگای بەناو ئەمنییەتی ڕێژیمە. هەڵبژاردنی ژن وەکوو سووژەی سەرەکی، بۆ ئەوەیە کە ژن وەکوو کەرەستەیەک بۆ گێڕانەوەیەکی ئەمنییەتی بناسرێت. ئەم ژنە لە فیلمەکەدا تەنیا کەسایەتییەک نییە، بەڵکوو سووژەی ڕەواییدان بە ڕێژیمە و هەموو ڕۆڵی ئەو ژنە بە دەور ئەو بازنەیەدا دەخولێتەوە کە بتوانێ ڕەوایی بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بدا، سەرکوتکاری وەک ئەرکی نیشتمانی نیشان بدات و وەک هەستێک بیخاتە نێو جەماوەرەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ڕوانینی ئەمنییەتی بەرانبەر بە نەتەوەی کوردیش، ئاسایی بکاتەوە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە کەڵكوەرگرتن لە شوناسی ژنبوون، هەوڵ دەدات گێڕانەوەی توندوتیژ، بۆ خەڵک ئاسایی بکاتەوە کە ئاسانتر بتوانن قەبووڵی بکەن، چونکە لە یادگەی بەردەنگدا، ژن زیاتر لەگەڵ ئاشتی و ژیان لە پێوەندیدایە.
لە شۆڕشی ژینادا، بەربڵاوبوونەوەی دروشمی سەرەکی کە هەڵقوڵاو لە ساڵانێک سەرکوتی ژن، ژیان و ئازادی بوو، پرسی ژنی کوردی زۆر بەتایبەتی کردە ڕۆژەڤ و ئەمەش وای کرد ڕێژیم کاردانەوەی جیاواز نیشان بدات و چەند دروشمی ئیدئۆلۆژیک لەم چوارچێوەیەدا و لە بەرانبەر دروشمە سەرەکییەکەدا بڵاو بکاتەوە. لە نوێترین کاردانەوەشدا، بەم فیلمە خەریکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دروشمێکە کە مێژووی تایبەتی هەیە و هەڵقوڵاو لە ویست و داخوازی نەتەوەیەکە. لە وێژمانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ژن سووژەیەکی سەربەخۆیە، ژن لەو شۆڕشەدا ڕەخنەگری سەرەکیی دەسەڵات و خوازیاری گۆڕانە و نە تەنیا پارێزەری نەزمی داسەپاوی دەسەڵات نییە، بەڵکوو کەرەستەی دەستی هێزی باڵادەستیش نییە.
لە ڕاستیدا ئەم فیلمە هەوڵ دەدات "ژنی بەهێز" پێناسە بکاتەوە، بەڵام ئەم هێزە، هێزێکی بەکرێگیراو لە سیستمێکی ئەمنییەتییە، نە هێزیكیی سەرچاوەگرتوو لە وشیاری و ئازادی.
لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدایدا، ژنی بەهێز لە بەرانبەر سەرکوتدا خۆڕاگری دەکات، جەستە و ژیانی خۆی وەردەگرێتەوە و گێڕانەوە فەرمییەکان تووشی ئاڵنگاری دەکات. ژنی دڵخوازی ڕێژیم لەم فیلمەدا ژنێکی گوێڕایەڵە، لە کاتێکدا کە ژنی ڕاستەقینەی نێو کۆمەڵگەی ئێران، ژنێکی ناڕازی، وشیار و مافخوازە. ئەم فیلمە هەوڵێکە بۆ پێناسەکردنەوەی "ژنی دڵخوازی ڕێژیم"، ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو پێناسەیە بەتەواوەتی تێک چووە. لە ڕاستیدا، زیرەکیی ئەم ژنە (کە زیرەکییەکە لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە و بینینی فیلمەکە زۆر شت دەردەخات) تەنیا هەوڵێک بۆ جوان نیشاندانی سەرکوتە! ئەم جارە ڕێژیم هەوڵی داوە سەرکوت لە سیما و جەستەی ژنێکدا نیشانی بەردەنگ بدات نەک لە سیمایەکی توندوتیژ و پیاوانەدا. ئەم چەشنە لە پڕوپاگەندە تەنیا دەچێتە خانەی ئاخرین پەلەقاژەکانی ڕێژیمێکەوە کە سەرسەخترین دوژمنی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا بووە.
ئەم بەرهەمە نوێیەی ڕێژیم هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ژنی ڕزگاریخوازی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ژنێکی گوێڕایەڵی بەهێز بخولقێنێ کە لە جیاتی هەوڵدان بۆ ئازادی، هەوڵ بۆ پاراستنی دەزگای سەرکوت دەدات. دەزگایەک کە تەنیا لە مانگی بەفرانباردا هەزاران ژنی بە تاوانی ناڕەزایەتیدەبڕین کوشت.