کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی "ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و "ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان

15:56 - 17 خاکەلێوه 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکارانە و پەرچەکرداری بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی شکستە سیاسی و سەربازییەکانی لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، پەنای بۆ لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی بردووە. ئەم دەسەڵاتە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازان، دەستی داوەتە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و خۆپێشاندەرانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو.

ئێمە لە "ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و "ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، ئەو کردەوە دڕندانەیە کە تا ئێستە بووەتە هۆی لەسێدارەدانی دە ڕۆڵەی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز بە تۆمەتی بێبنەمای "هاوکاری لەگەڵ دوژمن"، بە توندی مەحکووم دەکەین. ئەمە نەک هەر نیشانەی دەستەوەستانیی دەسەڵاتە لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵکوو پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە کاتێکدا ئێران بۆ شاردنەوەی ناکۆکییە دەرەکی و نێوخۆییەکانی و شاردنەوەی شکستە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی، گیانی بەندکراوانی سیاسی دەکاتە قوربانی؛ ئێمە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە بانگەشەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بێدەنگی بشکێنن و چیتر ڕێگە نەدەن ئەم جینایەتانە بە ناوی جیاوازەوە درێژەیان هەبێت.

پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردەوە بێتە مەیدان و گوشار بخاتە سەر تاران بۆ ڕاگرتنی دەسبەجێی سزای لەسێدارەدان. بێدەنگی بەرامبەر بەم دڕندەییە، بە واتای شەریکبوونە لە خوێنی ئەو گیانلەدەستداوانە و ڕێگەخۆشکردنە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوت.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥