وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە هێرشێکی بەهێزیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی "پارس جنوبی" لە ناوچەی عەسەلوویە و بەو هۆیەشەوە گورزێکی کەمەرشکێن لە کەرتی وزەی ڕێژیم کەوتووە.
ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، "یسرائیل کاتز" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیەند کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە ناوەندە گرینگ و ستراتیژییەکانی پێترۆشیمیی پارس جنوبییان لە عەسەلوویە کردووەتە ئامانج.
ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پاش ماوەیەک بێدەنگی، ناچار بوون دان بە ڕوودانی ئەو هێرشەدا بنێن.
کاتز لەو بەیاننامەیەدا جەختی کردەوە: ''ئیسرائیل هێرشێکی کاریگەری کردووەتە سەر گەورەترین دامەزراوەی پێترۆشیمیی ئێران؛ ناوەندێک کە ٥٠ لەسەدی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتە لەو بەشەدا بەرهەم دێنێت.''
جێی ئاماژەیە مانگی مارسی ڕابردووش دامەزراوەکانی پارس جنوبی کرانە ئامانج؛ ئەوەش بووە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو، کە ناوچەکەی بەرەو قەیرانێکی گەورەی وزە برد.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئیسرائیل لە ڕێگەی لێدانی شادەمارە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەیەوێت سەرچاوە داراییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لوتکەی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکاندا وشک بکات.