کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردووەتەوە

16:59 - 17 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردە سەر باشوور، ڕۆژهەڵات و ناوەندی بەیرووت و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ناوچەی "زاحییە"یان لە باشووری بەیرووت بۆردومان کرد. ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی ناوچەکە دابوو کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

هاوکات لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی لوبنان، بەرپرسانی خۆجێی ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکانەوە لانیکەم ٣ کەس کوژراون. هەروەها لە باشووری ئەو وڵاتەش شەپۆلێکی تری بۆردومان دەستی پێکردووە کە گیانلەدەستدانی ٦ کەسی تری لێکەوتووەتەوە.

لە شاری "نەبتیە" و دەوروبەری، دەنگی فڕۆکە و درۆنەکانی ئیسرائیل ساتێک رانەوەستاوە. ئەرتەشی ئیسرائیل خەریکی پێشڕەویی زەمینییە و ڕایگەیاندووە کە ئامانجیان دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە لەسەر سنوورەکان، بەڵام هاووڵاتییان و چاودێران مەترسی ئەوەیان هەیە ئەم پێشڕەوییە ببێتە هۆی داگیرکردنی هەمیشەیی بەشێک لە خاکی لوبنان.

ئەم تێکهەڵچوونانە کە لە ٩ی ڕەشەمەی ڕابردووە توندتر بوونەتەوە، ناوچەکەی بەرەو دۆخێکی نادیار و پڕ لە تەنگژە بردووە.