لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شاری حەیفا، چوار کەس کوژران و ئەرتەشی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە تەلئەبیب بە "تەقەمەنیی هێشوویی" بۆردومان کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی چوار کەسیان لەژێر داروپەردووی خانوویەکی نیشتەجێبوون لە شاری "حەیفا" دۆزییەوە. ئەم موشەکە ئێوارەی یەکشەممە بەر ئەو ماڵە کەوتبوو و دوای چەندین کاتژمێر گەڕانی چڕ، تەرمەکان لەژێر دارپەردوودا دەرهێنران.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران جارێکی تر تێلئاڤیڤی کردووەتە ئامانج و بۆ جارێکی دیکە "تەقەمەنیی هێشوویی" بەکار هێناوە.
ماڵپەڕی "وای نێت" باسی لەوە کردووە کە نزیکەی ٢٠ شوێن لە دەوروبەری تێلئاڤیڤ بەر هێرشەکان کەوتوون و بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، هێرشەکانی ئێران پێنج شار و ١٥ خاڵی جیاوازی نێو خاکی ئیسرائیلی گرتووەتەوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی "چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ" پێشتر بەکارهێنانی تەقەمەنیی هێشوویی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل مەحکووم کردبوو و ڕایگەیاندبوو: "ئەم کردەوانە دەکرێت وەک تاوانی شەڕ ئەژمار بکرێن."
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەنێو جەرگەی شەڕێکی سەختدایە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو مەترسییەکان بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان دوو بەرابەر کردووە.