کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی فەرماندەیەکی پلەبەرزی هێزی قودس لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل

17:46 - 17 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەسغەر باقری"، فەرماندەی یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە تاران کوژراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە باقری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسیارییەتی چەندین پۆستی باڵای لە هێزی قودسدا هەبووە، لەو چوارچێوەیەشدا دەورێکی سەرەکی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا گێڕاوە کە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی و ئەمریکاییان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان کردووەتە ئامانج.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە ساڵی ۲۰۱۹ـەوە فەرماندەیی یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی لە ئەستۆ بووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە باقری ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە داڕشتن و ئاراستەکردنی هێرشەکان دژ بە ئامانجە ئیسرائیلییەکان، لەوانە لە نێوخۆی ئیسرائیل و هەروەها لە وڵاتانی سووریە و لوبنان.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە باقری ئەم چالاکییانەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە هاوکاریی جێگرەکەی بە ناوی "محەمەد ڕەزا ئەنساری" و هەروەها "قاسم سەڵاح ئەلحوسەینی" ئەنجام داوە؛ ئەو کەسەی کە بە وتەی ئیسرائیل لە ساڵی ۲۰۲۵ لە نزیک بەیرووت کوژراوە.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل وتی کە باقری لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ گرووپە نیابەتییەکان ڕۆڵی هەبووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، کوژرانی ناوبراو وەک "بەشێک لە گورزە کاریگەرەکان" بۆ سەر پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنیی هێزی قودس وەسف کراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە توانای ئەم یەکەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە ئیسرائیل و خەڵکی مەدەنی لاواز دەکات.

هەر پەیوەندییەدا، بەیانی ئەمڕۆ، پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، هەواڵی کوژرانی مەجید خادمی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای لە ئاکامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند.