میدیاکانی نێوخۆی ئێران و بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە هێرشێکی بەرفراوان کراوەتە سەر دەمارە گرینگەکانی کەرتی پێترۆشیمی لە باشووری ئێران و بەو هۆیەشەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوی پەک کەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە لەکارخستنی ژێرخانەکانی پشتیوانیی شیرکەتەکانی پێترۆشیمی بووە. هەواڵدەییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە هەردوو شیرکەتی "موبین" و "دەماوەند" ئامانجی سەرەکی بوون؛ ئەم دوو شیرکەتە دابینکەری سەرەکیی کارەبا، ئاو و ئۆکسیژێن بۆ دامەزراوەکانی پێترۆشیمی عەسەلوویە بوون.
بە لەکارکەوتنی ئەم یەکانە، تەزووی کارەبای سەرجەم پێترۆشیمییەکانی ناوچەکە دەپچرێت و چالاکییەکانیان تا کاتی چاککردنەوەی ڕادەگیرێت. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە پێترۆشیمیی "پارس" لەم هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
جگە لە عەسەلوویە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دامەزراوەکانی نەوتی "فەلات قارە" لە ناوچەی شیرازیش کراونەتە ئامانج، ئەمەش نیشاندەری بەرفراوانبوونی بازنەی هێرشەکان بۆ قووڵایی خاکی ئێرانە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە فەرمی هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و وتی: ''ئیسرائیل گەورەترین دامەزراوەکانی پێترۆشیمیی ئێرانی لە عەسەلوویە بە توندی بۆردومان کردووە. ئەم دوو دامەزراوەیە ئەری هەناردەکردنی ٨٥ لەسەدی بەرهەمەکانی پێترۆشمیی ئێرانیان لە ئەستۆ بوو کە ئێستا بەتەواوی لەکار کەوتوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردووش پێترۆشیمی"ماهشەهر" لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لەکار خرابوو.
چاودێران پێیان وایە ستراتیژی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا بە ئامانجگرتنی یەکە بەرهەمهێنەرەکان نییە، بەڵکوو مەبەستیان تێکشکاندنی یەکە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانە؛ ئەمەش بە مەبەستی پەکخستنی کارخانەکانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی چەندین مانگە، بە جۆرێک کە گەڕانەوەیان بۆ سووڕی بەرهەمهێنان ئەستەم بێت.