ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئامانجەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر ژێرخانە ئاسمانییەکانی ئێران لە تاران.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە ڕێنوێنیی هەواڵگریی ورد لەلایەن جێگری هەواڵگریی سەربازی و لقی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا، کۆمەڵێک هێرشی هەماهەنگ دژ بە هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران ئەنجام داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کاتی ئەم هێرشانەدا، دەیان فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکە و هێلی کۆپتێر، لەگەڵ ژێرخانە سەربازییە پەیوەندیدارەکان، لە سێ فڕۆکەخانەی "بەهرام"، "مێهرئاباد" و "ئازمایش" لە تاران کراونەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەدا وتی کە فڕۆکەخانەی "مێهرئاباد" کە پێشتریش لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران"دا کرابووە ئامانج، لەلایەن هێزی قودسی سپای پاسدارانەوە بەکار دەهێنرا و وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی پشتیوانیی لۆجستیکی و دارایی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کاری دەکرد.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا ئیدیعای ئەوە کراوە کە ئەو فڕۆکانەی هەڵگری چەک و سەرچاوەی دارایی بوون، بە شێوەیەکی بەردەوام لەم فڕۆکەخانەیەوە بەرەو شوێنە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست فڕیون و خراونەتە بەردەستی گرووپەکانی سەر بە ئێران.
زانیاری زیاتر سەبارەت بڕی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان بەرامبەر بەم ڕاپۆرتە نیشان نەداوە.