لە درێژەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشێکی دڕۆنییەوە بۆ سەر گوندێکی سنووری هەولێر، ژن و مێردێک شەهید بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوە، دڕۆنێک کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، ماڵێکی مەدەنی لە گوندی "زەرگەزەوی"ی سەر بە ناحیەی "دارەشەکران"ی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەم هێرشە تێرۆریستییەدا، دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی "مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ" و هاوژینەکەی "مژدە ئەسعەد حەسەن" شەهید بوون.
ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە سێ دڕۆن ئاراستەی ناوچەکە کراون و یەکیان ڕاستەوخۆ بەر ماڵی ئەم بنەماڵەیە کەوتووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە وتی کە هێرشە دڕۆنییەکەی سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە سنووری هەولێر "تاوانی شەڕە" و نابێ چیدیکە بە بیانووی بێ پاساو، پەلاماری خەڵكی کوردستان بدرێت.
دژەتیرۆری کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم هێرشانەی بە پێشێلکردنی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی شەڕ ناو برد و پشتڕاستی کردەوە کە سەرچاوەی هێرشەکان خاکی ئێران بووە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٩ی ڕەشەمە و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچە، تا ئێستا زیاتر لە ٦٨٠ دڕۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێم کراون کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ١٦ هاووڵاتیی و ئەم هێرشانە نیشانەی ڕوونی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێم و گیانی هاووڵاتیانی بێتاوانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.