وەزیری شەڕی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنگتۆن، هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕایگەیاند کە بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتایی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا "کات بۆ گاڵتە و گاڵتەجاڕی بەفیڕۆ نادات."
هێگسێت وتی: «ئامۆژگاری کۆماری ئیسلامی دەکەین بڕیارێکی ژیرانە بدات، چونکە لە کۆتاییدا تەنیا یەک بژاردەی لەبەردەمدایە.» ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە باشترە کۆماری ئیسلامی بۆ بڕیاردان، سەیری "چارەنووسی قاسم سولەیمانی و عەلی خامنەیی" بکات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی ئەمریکایی فڕۆکەی "ئێف ١٥" کە لە ئێران خرابووە خوارەوە، ئەم کارەی بە نیشانەی هێز و توانای سەربازیی ئەمریکا وەسف کرد و وتی، ئەرتەشی وڵاتەکەی بۆ ڕزگارکردنی هەر ئەندامێکی خۆی، دەچێتە هەر شوێنێکی جیهان بێت.
وەزیری شەڕی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ئەمڕۆ ١٧ی خاکەلێوە "گەورەترین هێرشەکانی ئەمریکا لە نێو خاکی ئێران ئەنجام دراون و هێرشەکانی سێشەممە هێشتا گەورەتر و بەرفراوانتر دەبن."