ئەرتەشی ئیسرائیل لە پەیامێکیدا بە زمانی فارسی، هۆشدارییەکی بەپەلە داوەتە خەڵکی ئێران کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، لە هێڵەکانی گواستنەوەی شەمەندەفەر دوور بکەونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی خۆیەوە داوای لە خەڵکی مەدەنی لە ئێران کردووە کە تا کاتژمێر ٩ی شەو بە کاتی نێوخۆیی، بە هیچ شێوەیەک شەمەندەفەر و هێڵەکانی ئاسن بەکار نەهێنن.
ئیسرائیل ئامانجی ئەم ئاگادارییەی بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان گەڕاندووەتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر جۆری ئەو مەترسییانە بڵاو نەکردووەتەوە کە ڕووبەڕووی ئەو کەرتە دەبنەوە.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە مۆڵەتە دیاریکراوەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ تاران خەریکە کۆتایی دێت و ئاڵۆزییەکان گەیشتوونەتە لوتکە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"یان ڕاگەیاندووە کە لە کورتخایەندا هیچ ئاسۆیەکی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نابینن و هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەرەکییەکانی نێو خاکی ئێران بەردەوام دەبن.
هاوکات، تێکچوونی دۆخی ئەمنییەتی و سەربازیی ناوچەکە هاوتایە لەگەڵ بنبەستی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنگتۆن، کە بەهۆی ناکۆکی توند لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز، گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
شارەزایان پێیان وایە ئەم ئاگادارییەی ئیسرائیل نیشانەی ئەوەیە کە ڕەنگە هێڵەکانی گواستنەوەی ستراتیژی و لۆجستیی کۆماری ئیسلامی ببنە ئامانجی دواتری هێرشە ئاسمانییەکان.