لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی کۆمەڵگەدا، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران داوای خێراکردنی پرۆسەی سێدارە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی ناڕازییان دەکات.
غۆڵامحسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای قەزاییدا، فەرمانی دا کە دەبێ سزاکانی لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییان بە خێراییەکی زیاتر جێبەجێ بکرێن.
ئەم لێدوانە دژەمرۆییانەی بەرزترین بەرپرسی قەزاییی ڕێژیم، نیشاندەری قووڵبوونەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان و هەوڵی دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە لە ڕێگەی پەرەپێدانی توندوتیژیی سیستماتیک.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەردەچێت کە تەنیا لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ١٤ کەس بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لەسێدارە دراون کە بەشێکیان لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان بوون و ناوەندە مافی مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم سزایانە لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملیدا سەپێندراون.
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی سێدارە، ڕێژیم دەستی داوەتە تاڵانکردنی سامانی دژبەران و بلۆکەکردنی حیسابە بانکییەکانی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵاتن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بووە، دەیەوێت بە بەکارهێنانی سێدارە وەک ئامرازێکی سیاسی، ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە و دەنگی ئازادیخوازان کپ بکات.