کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خەڵک وەک "قەڵغانی مرۆیی" بۆ پاراستنی وێستگەکانی وزە بەکار دەهێنێت

11:36 - 18 خاکەلێوه 2726

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز یان ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی سەربازی، ڕێژیمی ئێران لە هەنگاوێکی مەترسیداردا داوا لە هاووڵاتییان دەکات وەک قەڵغانی مرۆیی لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمی و پیشەسازییەکان کۆ ببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوایان لە خەلک کردووە کە ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، لە سەرتاسەری ئێراندا زنجیرەی مرۆیی لە دەوروبەری وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوە گرینگەکانی وزە پێکبهێنن.

 بەرپرسانی ڕێژیم ئامانجی ئەم کارەیان بە "پاراستنی دامەزراوەکان لە بەرامبەر هێرشی ئەگەری" ناوبردووە.

ئەم بانگەوازەی کە لە لایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان و دامەزراوە حکوومییەکانی دیکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدایە کە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە گرینگەکانی ئێران گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

هەرچەندە ڕێژیم ئەم هەنگاوە وەک "نیشاندانی یەکگرتوویی میللی" وەسف دەکات، بەڵام چاودێرانی سیاسی و نێودەوڵەتی پێیان وایە تاران دەیەوێت هاووڵاتییانی مەدەنی وەک "قەڵغانی مرۆیی" بۆ پاراستنی ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی بەکاربهێنێت.

ئەم بڕیارەی تاران لە لایەن میدیاکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هاندانی خەڵک بۆ چوونە ناوچەگەلێک کە ئامانجی سەربازین، نیشانەی بێباکیی ڕێژیمە بەرامبەر بە گیانی مرۆڤەکان و بە بڕیارێکی نامرۆڤانە و نابەرپرسانە لە قەڵەم دەدرێت.