وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان ڕایگەیاند، سیستمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە ١١ مووشەکی بالستیک لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تێک بشکێنن، بەڵام پاشماوەی مووشەکەکان لە نزیک دامەزراوە هەستیارەکانی وزە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی عەرەبستان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری باسی کردووە کە سەرەتا ٤ مووشەک و دواتر ٧ مووشەکی دیکە کە هەمان ناوچەیان کردبووە ئامانج، لەلایەن پدافەندی وڵاتەکەوە تەقێندراونەتەوە.
هەرچەندە بەرپرسانی سعوودی دەڵێن خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن، بەڵام ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە ناوچەی پیشەسازیی "جوبەیل" نیشان دەدەن.
هەواڵدەیی فەرانسە لە زاری سەرچاوە نێوخۆییەکانی سعوودیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی پێترۆشیمی ئەو وڵاتە.
ناوچەی "جوبەیل" یەکێک لە گرینگترین مەڵبەندەکانی وزە و پێترۆشیمی لە عەرەبستانە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەکەیدا بە فەرمی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێکی وەک بەرپرسیار لەو هێرشانە نەهێناوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین باری نائاسایی و هۆشداریی گشتییان ڕاگەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەی گشتیی پردی "مەلیک فەهد" کە بە درێژایی ٢٥ کیلۆمێتر هەردوو وڵاتی عەرەبستان و بەحرەین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕایگەیاند کە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو پردە بە تەواوی ڕاگیراوە.
ئەم پەرەسەندنانە و تێکچوونی دۆخی ئەمنییەتی کەنداو لە کاتێکدایە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام دەستدرێژیی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە و بە سیاسەتە تێکدەرانەکانی، ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردووە.