کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگیرکردنی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ئێران

12:03 - 18 خاکەلێوه 2726

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی سەرچاوە نێوخۆیی و میدیایییەکان باس لە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سەر بە لەشکری "زەینەبیوون"ی پاکستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بینراون.

وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە میدیاکان نیشانی دەدەن کە چەکدارانی سەر بە ڕێژیم بە شێوەیەکی ڕێکخراو و چەکدارانە لە شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران مانۆڕ لێدەدەن.

هاوکات، ڕاپۆرتگەلێکیش سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی سەر بە گرووپەکانی عێراقی  و "فاتیمییون"ی ئەفغانی لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بڵاو کراونەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ڕاپۆرت و بەڵگەکان سەبارەت بە بەشداریی ئەم هێزە نیابەتییانە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، لەوانە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکرابوونەوە.

چاوەدێران لەسەر ئەو بڕوایەن کە جێگیرکردنی ئەم هێزانە لە ئێران، بەشێکە لە ڕێکاری ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆیییەکان.

بە وتەی ئەوان، نیشاندانی ئامادەیی هێزە چەکدار و نیابەتییەکان لە شارەکاندا بە ئامانجی ترساندن و زیادکردنی کۆنتڕۆڵ بەسەر جووڵە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام دەدرێت.