کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەشبگیری خەڵک لە شارەکانی کوردستان

14:19 - 18 خاکەلێوه 2726

لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ، دەستبەسەرکرانی ١٧ هاووڵاتیی بە تۆمەتی بێ‌بنەما ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ١٧ هاووڵاتییە لە شارەکانی بۆکان، ورمێ و چایپارە لەلایەن ناوەندە سرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی باوەرپێکراو و لە درێژەی دۆسییەسازی بۆ هاووڵاتییان، ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە لە ڕیگەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە سەربازییەکان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها بۆ تۆڕەکانی نەیار و ئەندامییەتی لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون.

دووپاتکردنەوەی سیناریۆی تۆمەتە ئەمنییەتییەکان دژ بە هاووڵاتییانی کورد، بەشێکە لە سیاسەتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی گوشار، دروستکردنی ترس و کۆنترۆڵ بەسەر کوردستاندا.

لە کاتی دەستپێکی شەڕ و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەشێکی ئەمنییەتی لە کوردستان و ئێراندا خولقاندووە و سەدان کەسی بەبێ بەڵگە و بە تۆمەتی بێ‌بنەما و بەشێوەی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانە دەستبەسەر و بێسەروشوێن کردووە و لە نوێترین حاڵەتیشدا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، ٣٠ هاووڵاتیی لە کرماشان لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کراون.