کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەمبوڵ هێرشی کرایە سەر و دوو هێرشبەر کوژران

16:04 - 18 خاکەلێوه 2726

میدیاکانی تورکیە بڵاویان کردەوە کە لە ئەنجامی تەقەکردن لە نزیک ئەو باڵەخانەیەی کونسوڵخانەی ئیسرائیلی لێیە لە شاری ئەستەمبوڵ، دوو هێرشبەر کوژران و دوو ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان، دەستبەجێ دوای دەسپێکردنی تەقەکان، هێزێکی زۆری پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە.

 لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە هێرشبەرەکان بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە هێرشیان کردووە و پاشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێکراون و تەرمەکانیان لەسەر شەقامەکە کەوتووە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ئێستادا هیچ دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی لە تورکیە نیشتەجێ نییە، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە لە ساڵی ٢٠٢٣وە، ناوچەی دەوروبەری کونسوڵخانەکە لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنییەتیدا بووە.

پارێزگاری ئەستەمبوڵ ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکان چەکی شەڕ و چەکی گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکە بەکار هێناوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامە و پاڵنەری سەرەکیی هێرشبەرەکان بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.