لە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەتییەکان هاوکات لەگەڵ پێکدادانە سەربازییەکان، گەنجێکی عەرەب لە ئەهواز بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کارون"، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، عادل ساکی (ئەسەدی)، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی ناوچەی "ئوم تەمیر"ی ئەهواز، لە کاتی تێپەڕبوونی لە بازگەی پشکنینی "کیانپارس"دا، کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەسیج و کەسانی لیباس شەخسی و لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا.
هاوکات کەسێکی دیکە کە لەگەڵیدا بووە و نازناوی "هەواشمی"یە، ملی بریندار بووە و باری تەندروستیی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ شەڕ، ئامادەیی هێزە سەربازییەکان و خاڵەکانی پشکنین لە شارەکاندا زیادی کردووە و حاڵەتەکانی تەقەکردن و هەڵسوکەوتە توندەکان لەم خاڵانەدا پەرەی سەندووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە زیادبوونی توندوتیژی و ڕێکارە توندەکانی هێزە چەکدارەکان، مەترسیی جیددی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی لێ دەکەوێتەوە.