کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پرد و هێڵە ئاسنینەکانی لە چەند شاری ئێران کردە ئامانج

16:08 - 18 خاکەلێوه 2726

لە درێژەی هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لە ئێران، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی کردە سەر ژێرخانەکانی پەیوەندی و هێڵی ئاسن لە چەند شارێکدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، پردی پەیوەندی لە گەورەڕێی (اتوبان) تەورێز-زنجان کرایە ئامانج و ئەو ڕێگەیە بە تەواوی لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە داخرا.

هاوکات، پردی عەزیمییە یان "بی ١" لە کەرەج کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای تاران، جارێکی دیکە کرایە ئامانج. ئەم پردە پێشتر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هێرشی کرابووە سەر و ئێستا بۆ جاری دووەم زیانی بەرکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نیوەڕۆی سێشەممە بەشێک لە هێڵی ئاسنی ڕێگای ئاسن لە کەرەج کراوەتە ئامانج.

هەروەها، ڕێگەی کۆنی میانە بۆ تەورێز لە دەوروبەری کاتژمێر ١٣ پێکرا و هاتوچۆ لەو تەوەرەدا تووشی پەککەوتن بوو.

لە هێرشێکی دیکەدا، هێڵی ئاسن لە شاری کاشان زیانی جیددی بەرکەوت کە لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسانی فەرمی ڕێژیم هێشتا وردەکاری زیاتریان سەبارەت بە ئاستی زیانەکان و ئامانجە وردەکانی ئەم هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.

پێشتر ئیسرائیل لە ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلەدا هۆشداری دابووە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاکانی ئێران کە تا کاتژمێر ٩ی شەوی سێشەممە لە دامەزراوەکانی هێڵی ئاسن دوور بکەونەوە و گەشتی شەمەندەفەر ئەنجام نەدەن.