وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر سنووری سۆران، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، "وەیسی ئاخر سەعید شێروانی"، پێشمەرگەی سەر بە فیرقەی پێنجی پیادەی فەرماندەیی دەڤەری یەک، دوای ١٥ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر و ململانێ لەگەڵ سەختیی برینەکەی، ئەمڕۆ تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان."
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی خاکەلێوە، بارەگای فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە دوو هێرشی جیاوازدا بە شەش مووشەکی بالستیک کرانە ئامانج.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا لە هەمان ڕۆژدا ٦ پێشمەرگە شەهید بوون و ٣٠ی پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەی شەهیدان گەیشتە ٧ کەس.