کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد

00:33 - 19 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی دوشەممە ١٧ی خاکەلێوە، کاک سەعید بەریاجی کوڕی حاجی قەرەنی ئاغا، خەڵکی گوندی "بێزیلە"ی ناوچەی سەردەشت، بەهۆی جەڵدەی دڵ و نەخۆشییەکی کوتوپڕ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک سەعید لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. بنەماڵەکەی، بەتایبەت باوک و مامەکانی، لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەکە بوون. دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئەم بنەماڵەیە یەکێک لەو بنەماڵانە بوون کە بەتوندی دژی چەکدارکردنی زۆرەملێی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە وەستانەوە.

بەهۆی ئەم هەڵوێستە کوردانە و نیشتمانپەروەرییە، حاجی قەرەنی ئاغا (باوکی سەعید ئاغا) و مامی بەناوی حاجی حوسێن ئاغا، بۆ ماوەی ٥ تا ٦ مانگ زیندانی کران و سوکایەتییان پێ کرا، بەڵام هەرگیز ملیان بۆ داخوازییە دژەگەلییەکانی ڕێژیم شۆڕ نەکرد.

سەعید ئاغا خۆیشی وەک درێژەپێدەری ڕێبازی بنەماڵەکەی، کەسێکی نیشتمانپەروەر و جێگای متمانەی خەڵک بوو. ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە پەیوەندی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز ناسرا.

ناوبراو هەمیشە جێگای متمانەی کادر و بەرپرسانی حیزب بوو و بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرک و مەئموورییەتێکی تایبەت، ئامادەی فیداکاری بوو.

سەعید ئاغا تا دواساتەکانی تەمەنی، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبەکەی نەپچڕاند و بە ئاواتی گەڕانەوەی پێشمەرگە و ڕزگاریی نیشتمانەکەی بوو، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا تا سەرکەوتنی کۆتایی بە چاوی خۆی ببینێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.