کەمتر لە دوو کاتژمێر پێش کۆتاییهاتنی وادەی هەڕەشەکەی دۆناڵد ترمپ، ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێکی دوو حەفتەیی گەیشتنە ڕێککەوتن. هاوکات ئیسرائیلیش هێرشەکانی ڕادەگرێت و بڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە ئیسلام ئاباد دەست پێ بکات.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، کە لەگەڵ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو حەفتە ڕەزامەندی نیشان داوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئاگربەستە "دوولایەنە" دەبێت و ئامانج لێی زەمینەسازییە بۆ دەستپێکردنی وتووێژەکان.
ترەمپ ڕایگەیاند ئەم بڕیارە بە مەرجی "کردنەوەی تەواوەتی و دەستبەجێی" گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئێرانەوە دراوە. هەروەها وتی کە پێشنیازێکی ١٠ خاڵیی لە تارانەوە پێگەیشتووە کە بە وتەی ئەو "بنەمایەکی گونجاوە بۆ دانوستان".
لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: ''هاتوچۆی ئارام لە گەرووی هۆرمۆز بۆ ماوەی دوو حەفتە، بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی ئێران، فەراهەم دەکرێت.''
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیلیش بەشێکە لەم ڕێککەوتنە و ڕەزامەندی نیشان داوە لە ماوەی ئەم دوو حەفتەیەدا هێرشە ئاسمانییەکانی ڕابگرێت بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ دانوستانەکان بێتە ئاراوە.
لە تاران، شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژی هەینییەوە لە شاری ئیسلام ئابادی پێیتەختی پاکستان دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی دوو حەفتە بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئاستی گرژی و هێرشە بەرانبەرەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتبووە لوتکە .