کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتانیاهوو: هێرشەکان بۆ سەر ئێران ڕادەگرین، بەڵام ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە

10:20 - 19 خاکەلێوه 2726

ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی کاتیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو حەفتە، بەو مەرجەی تاران گەرووی ستراتیژیی هۆرمۆز بکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکی نوێی نووسینگەی بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە: ''ئیسرائیل پشتیوانی لە بڕیاری ترامپ دەکات بۆ هەڵپەساردنی هێرشەکان دژی ئێران بۆ ماوەی دوو حەفتە، بە مەرجێک ئێران دەستبەجێ گەرووەکە بکاتەوە و سەرجەم هێرشەکانی بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت.''

هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئیسرائیل پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە چیتر ئێران مەترسییەکی ئەتۆمی، مووشەکی و تیرۆریستی بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی دراوسێ و جیهان نەبێت.

ناکۆکی لەسەر پرسی لوبنان بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، نەتانیاهوو هەرچەندە ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئێران نیشان داوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ئەم ئاگربەستە "لوبنان ناگرێتەوە".

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری سەیدا لە باشووری لوبنان، لانیکەم هەشت کەس کوژران و ٢٢ کەسی تریش بریندار بوون. وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە ناوچەیەکی کەناراوەکانی کردووەتە ئامانج.