ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، کاک"عەلی فەقێ"کوڕی حاجی مەلا عەوڵای موشیراباد و برای تێکۆشەر مستەفا فەقێ، خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و خەمخۆری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو. ماڵەکەی هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکان بوو.
بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی و پشتیوانیکردن لە شۆڕش، لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواوەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی "مەڵکەندی" ڕاگوێزرا، کە تێیدا بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بێسەروشوێن بوو.
بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەکانییەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چەندین جار هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکەی و ئەشکەنجە و ئازاریان دەدا. ئەم گوشارانە وای کرد کە کاک عەلی بە ناچاری شوێنی کارەکەی لە بەنداوی "نەورۆزلوو"ەوە بگوازێتەوە بۆ شاری تەورێز و تا کاتی خانەنشینبوونی لەو شارە نیشتەجێ بێت.
کاک عەلی فەقێ تا دوایین هەناسەکانی ژیانی بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەی وەفادار مایەوە و وەک مرۆڤێکی دڵسۆز بۆ ئازادیی کوردستان تێکۆشا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.