دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، وتی کە وڵاتەکەی هاوکاری بەڕێوەبردنی ئەو قەرەباڵغییە زۆرە دەکات کە لە گەرووی هۆرمۆز دروست بووە و وتی: ''هەنگاوی ئەرێنی زۆر ئەنجام دەدرێن.''
بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە، ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ"، ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی بە ''ڕۆژێکی گەورە بۆ ئاشتیی جیهانی''وەسف کرد و نووسی: ''ئێران دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە بکرێت، ئەوان بە تەواوی ماندوو بوون؛ وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە.''
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە واشنگتۆن هاوکاری کۆنترۆڵکردنی ترافیکی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەکات و زیادی کرد: ''پارەیەکی زۆر دەست دەکەوێت و ئێران دەتوانێت دەست بە پرۆسەی بونیاتنانەوە بکاتەوە.'' هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەیی دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ئەم ڕێککەوتنە کەمتر لە دوو کاتژمێر پێش کۆتاییهاتنی وادەی هەڕەشەکەی ترامپ هات، کە تێیدا هۆشداریی دابوو ئەگەر گەرووی هۆرمۆز نەکرێتەوە، هێرش دەکەنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران.
داخستنی ئەم ڕێڕەوە گرینگەی وزە لە لایەن ئێرانەوە لە ماوەی شەڕەکەدا، ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا. بەپێی ئامارەکانی شیرکەتی "کلێپێر"، لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو و ٤٦ میلیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکان لەسەر پشتی نزیکەی ٢٠٠ کەشتیی نەوتهەڵگر لە ناوچەکەدا چاوەڕێی کرانەوەی ڕێگەکە دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو بازاڕەکان بەڕێ بکەون.
هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە کە هاتوچۆی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەست پێ دەکاتەوە، هەرچەندە وردەکاریی زیاتریان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنەکەی بڵاو نەکردووەتەوە.