دوای ٣٩ ڕۆژ لە شەڕ و زیانی قورسی ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران، ڕێژیمی تاران هەموو توانای خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی میدیاکانییەوە ئاگربەستەکە وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" بە خەڵک بفرۆشێتەوە.
لەکاتێکدا دۆناڵد ترامپ دەڵێت مەرجەکانی ئێران تەنیا "بنەمایەکن بۆ دەستپێکی دانوستان"، بەرپرسانی تاران ئیدعای ئەوە دەکەن کە گوایە ئەمریکا تەسلیم بووە. ئەم پڕۆپاگەندەیە تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو باج و پاشەکشە گەورانەیە کە ڕێژیم لە پشت پەردەدا و بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی قبووڵی کردوون.
ڕێژیم دەیەوێت بە دروستکردنی وێنەیەکی دەستکرد لە سەرکەوتن، ورەی هێزە ماندووەکانی و گرووپە نیابەتییەکانی بەرز بکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئێستا شەڕ لە مەیدانی سەربازییەوە گواستراوەتەوە بۆ شەڕی دەروونی؛ شەڕیک کە تێیدا ڕێژیم هەوڵ دەدات وێرانکارییەکان و شکستی ستراتیژیی خۆی وەک دەستکەوت نیشان بدات.