بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ واشنگتۆن لە دانوستانەکانی داهاتوودا بە لەنێوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان و بنەبڕکردنی تەواوی هەڕەشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی پێداگر دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری "ئاسۆشێتد پرێس"، بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ترامپ دڵنیاییان داوەتە ئیسرائیل کە لە دانوستانەکانی دوو حەفتەی داهاتوودا، پێداگری لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن، لەنێوبردنی توانای مووشەکە بالستیکەکان و داواکارییە سەرەکییەکانی دیکە دەکەن؛ ئەو بابەتانەی کە ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە وەک "ئامانجە هاوبەشەکانی تێلئاڤیڤ و واشنگتۆن" وەسفی کردن.
لە کاتێکدا بەیاننامە گشتییەکان تا ئێستا ئاماژەیەکی کەمیان تێدا بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بنەڕەتییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، ئەم بەرپرسە فەرمییە جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئاگربەستی ئێستای لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگ کردووە.
بە وتەی ناوبراو، واشنگتۆن پێی وایە "تێپەڕاندن و تێکشکاندنی بەرفراوانی ژێرخانەکانی ڕێژیم" لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە دانوستانەکانی داهاتوودا فاکتەری سەرەکی و دەستەبەرکەری ئەم ڕێککەوتنە دەبێت.