ئیمارات ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی لە کۆمەڵگەی گازی حەبشان ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای ئەوە درا کە تێکشاندنی هێرشێکی مووشەکی لە ئاسمانی ناوچەکەدا، بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەم دامەزراوەیەدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبوزەبی ڕایگەیاند کە کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی تێکشێنراوی مووشەکەکە، بووەتە هۆی دروستبوونی سێ ئاگرکەوتنەوە لە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەدا. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لەم ڕووداوەدا دوو هاووڵاتیی ئیماراتی و هاووڵاتییەکی هیندی تووشی برینی سوک بوون.
کۆمەڵگەی حەبشان کە دەکەوێتە ١٥٠ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای ئەبوزەبی، بە ناوەندی سەرەکیی بەیەکەوەبەستنی تۆڕی گازی نێوخۆیی ئیمارات دادەنرێت.
ئەم کۆمەڵگەیە لەلایەن شیرکەتی "ئەدنۆک گاس"ـەوە بەڕێوەدەبرێت و توانای جێبەجێکردنی ٦ میلیارد پێ سێجا گازی لە ڕۆژێکدا هەیە.
ئەم ناوەندە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و پیشەسازییەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە ئیمارات. لە ئێستادا تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانەکانن بۆ گەڕانەوەی ئەم یەکەیە بۆ ناو بازنەی بەرهەمهێنان.
شایانی باسە کە ئەم هێرشە پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە ڕوویداوە.