کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر کوێت و ئیمارات لە دوای بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی "لاوان"

14:16 - 19 خاکەلێوه 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، هەردوو وڵاتی کوێت و ئیمارات ڕایانگەیاند کە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ڕێژییمی ئێران بوونەتەوە.

هاوکات تاران ڕایگەیاند کە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی "لاوان" کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات خەریکی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانە کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوەیە.''

ئەرتەشی کوەیتیش ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە ڕووبەڕووی "شەپۆلێکی چڕ"ی هێرشی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە. بەپێی بەیاننامەکە، ٢٨ دڕۆن کە خاکی کوەیتیان کردبووە ئامانج، تێک شکێندراون.

هێزەکانی کوێت ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشێک لەم دڕۆنانە دامەزراوە هەستیارەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبایان لە باشووری وڵات پێکاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی "زیانی ماددیی گەورە" لە ژێرخانە نەوتییەکان، وێستگەکانی بەرهەمێنانی کارەبا و دامەزراوەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە شیرکەتی میللی پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، دامەزراوەکانی پاڵاوگەی نەوتی "لاوان" لە دوورگەی لاوان کراونەتە ئامانج. بەپێی بەیاننامەکە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

هەرچەندە هێشتا بە فەرمی سەرچاوەی هێرشەکەی سەر ئێران دیاری نەکراوە، بەڵام هەوڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران، لە هەواڵێکی کورتدا پەیوەندیی نێوان ئەم ڕووداوانەی باس کرد و ڕایگەیاند: ''هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان بۆ سەر ئیمارات و کوەیت، تەنیا کاتژمێرێک دوای بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی لاوان لە ئێران ئەنجام دراون.''