بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتد پرێس، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی بێوێنەدا، تەنیا لە ماوەی ۱۰ خولەکدا پتر لە ۱۰۰ ئامانجی سەر بە حیزبوڵڵای لە بەیرووت، باشووری لوبنان و ناوچەی بیقاع کردووەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل ئەم هێرشانەی وەک گەورەترین ئۆپەراسیۆنی هەماهەنگ لە شەڕی ئێستادا وەسف کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم ئامانجانە سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و ژێرخانە هەواڵگرییەکانی گرتووەتەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی ئەم ناوەندانە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندا جێگیر کرابوون و جارێکی دیکە حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کە خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە: ''حکومەتی لوبنان و هاووڵاتییانی دەبێت دژی جێگیربوونی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و پەرەسەندنی چەک و چۆڵی ئەم گروپە بوەستنەوە.''