کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێگسێت: ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردا ئاگربەستی قبووڵ کرد

16:58 - 19 خاکەلێوه 2726

وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ئێران، توانای ئەم وڵاتەی بۆ دروستکردنی مووشەک یان هەر چەکێکی پێشکەوتووی دیکە بە تەواوی لەنێو بردووە.

پیت هێگسێت لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ''ئێمە بە تەواوی بنکەی پیشەسازی-بەرگریی ئێرانمان لەنێو برد، کە یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەرکی ئێمە. ئەوان چیتر ناتوانن مووشەک دروست بکەن.''

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی گەیشتن بە ئاگربەستێکی دوو حەفتەیی لەگەڵ ئێران، چەند کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ وێرانکردنی ژێرخانەکانی ئێران، ڕایگەیاند: '' ترامپ ئەو دەسەڵاتەی هەبوو کە لە ماوەی چەند خولەکێکدا تەواوی ئابووریی ئێران لەنێو بەرێت، بەڵام ئەو بەزەیی نواند. ئەو هێرشی نەکردە سەر ئەو ئامانجانە، چونکە ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردا ئاگربەستی قبووڵ کرد.''

هێگسێت زیادی کرد: ''حکوومەتی نوێی ئێران تێگەیشت کە ڕێککەوتنێک زۆر باشترە لەو چارەنووسەی کە چاوەڕێی دەکردن.''

سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا دەڵێن لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران، ''گۆڕینی ڕژێم'' لە وڵاتەکەدا ڕووی داوە.

 هاوکات ژنێڕاڵ دێن کێین، بەرپرسی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، هەر لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە ئەرتەشی ئەمریکا ئامادەیە لە ئەگەری فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکاش هۆشداری دا: ''ئێمە لە پشتەوە ئامادەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئێران پێبەندی مەرجەکانی ئەو ئاگربەستە دەبێت کە ڕۆژی سێشەممە لەسەری ڕێککەوتن کرا.''