
تاهیر قاسمی
ڕەنگە پرسیار بێت کە بۆچی بەپێچەوانەی ڕەوتی شۆڕشی ١٣٥٧ و نزیک پێنج دەیە دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بەختی شاپەرەستان لە دەرەوەی وڵات لەم چەند ساڵەی دواییدا کراوەتەوە و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی بەتایبەت لە تارانەوە چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دەوری ڕەزا پەهلەویدا کۆ بوونەتەوە؟ ئەو کەسانە بۆ هەتا لە نێوخۆی ئێران بوون هیچ نیشانە یان کردەوەیەکی شاپەرەستی و سەڵتەنەتخوازییان پێوە دیار نەبوو؟ بۆچی لە نێو ئەو کەسانەی پەیوەست بە شاپەرەستان دەبن، پتر لە هەر توێژێک وەرزشکار، سینەماکار و موزیسیەن و بەگشتی سێلبریتییەکان دەبینرێن؟ ئەی باشە هۆی چییە کە زۆربەی ئەوانەی لە دەوری ڕەزا پەهلەوی کۆ دەبنەوە، پێشتر لە بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا کاربەدەست بوون یان لە سەرۆککۆمارە ڕیفۆرمخوازەکان نزیک و لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەواندا چالاک بوون؟ بۆ ئەو کەسانە چ هاوبەشییەک لە نێوان کاندیدەکانی باڵی ڕێفۆرمخواز لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدا هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە و وەرددانەوەی کۆمەڵێک بابەتی تر دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە ماکی هەموو ئەو هاوبەشییانە لە پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی نێو کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدایە.
زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن ئەو ئینقلابەی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سەرکەوت، ڕەگی لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵ یان ئینقلابێکی پێشتردا بوو کە لە ساڵی ١٣٤٢دا هاتە ئاراوە. ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵە کۆمەڵایەتییە کە بە گوشاری ئەمریکا، بەڵام لە لایەن شای دەسەڵاتدار خۆیەوە سەرپەرەستی کرا، ناوی "ئینقلابی شا و خەڵک" یان "ئینقلابی سپی"ی لێ نرا. لە ئەنجامی ئەو ئینقلابەدا کە دیارترین بەشی بریتی بوو لە: ئەستاندنی زەوی لە فیئۆدالەکان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا، کۆمەڵگەی ئێرانی بەشێوەی دەستکرد و بەپێی حوکمی دەسەڵات، لە کۆمەڵگەیەکی فیئۆدالییەوە بۆ سیستەمێکی سەرمایەداری گۆڕی. ئەگەرچی لە پاڵ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، هەندێک گۆڕانکاریی دیکەی وەک دانی مافی دەنگدان بە ژنانیش پەسند کرا، بەڵام موهەندیسیکرانی ئینقلابەکە لە لایەن شا خۆیەوە، نەک بواری ئەوەی نەدا لە پاڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکەدا، گۆڕانکاریی سیاسییش بێتە ئاراوە، بەڵکوو کۆمەڵگەی ئێرانی پتر لە پێشوو بەرەو داخرانی سیاسی برد. ئاکامی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو بەهۆی ئەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی کار ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن و بەم جۆرە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شاریان گۆڕی. لە ناوەندی شارەکاندا چینی مام ناوەند و بۆرژوای شار هەبوو کە لە خۆشی و زەرقوبەرقی شاردا دەژیا و لە پەراوێزی شارەکانیشدا ئەو حەشیمەتە تازە هاتووە نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان بە کرێکاری و حەماڵی و دەستفرۆشی ژیانیان تێپەڕ دەکرد. ئەوان نە ماڵ و سەرپەنایەکی ئەوتۆیان هەبوو، نە کار و داهاتێکی جێی ڕەزامەندی و نە پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتی. هاوکات لە گوندەکانیشدا زەوییان پێ نەبڕابوو یان زەوی بەشی ئەوەندەی نەدەکرد ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن. ئەم دۆخە نابەرابەر و پڕ لە نادادپەروەریە بوو بەهۆی ئەوە کە بزووتنەوە چەپەکان زۆر زوو لە ناخی کۆمەڵگەدا ڕەگ دابکوتن و پەرە بگرن. هاوکات بزووتنەوەی مەزهەبییش بەهۆی ناڕەزایەتیی مەلاکان لە دابەشکاریی زەویی وەقفی مزگەوت و حسێنییەکان و دانی مافی دەنگدان بە ژنان لە لایەک و لەباریی پێکهاتەی نەریتی و مەزهەبیی کۆمەڵگەی ئێران و ناڕەزایەتیی پەراوێز لە مۆدێڕنیتەی ژیانی چینی مام ناوەند و بۆرژوای شار لە لایەکی تر دەستی بە تێکۆشان و ڕەگ داکوتان کرد.
بەو پێیە دوو بزووتنەوەی چەپ و مەزهەبی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و چینی مام ناوەند و بۆرژوای دەسەڵاتدار بە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕۆچوون. ئەم دوو بزووتنەوەیە بەپێچەوانەی هەندێک بانگەشە و پێناسەی ئەو سەردەمانە، نەک لەگەڵ یەکتر ناتەبا و دژ نەبوون، بەڵکوو زۆرجار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی یەکتر دەبوون و پارسەنگیان بۆ یەکتر ڕاست دەکردەوە. ئەگەر بزووتنەوە مەزهەبییەکە لە گوێن بزووتنەوە مارکسیستییەکە خۆی وەک پشتیوانی زۆرلێکراوان پێناسە دەکرد و دوژمنایەتیی ئیمپریالیزمی دەکرد، بزووتنەوە مارکسیستییەکەش هەندێک جار هەوڵی دەدا لە هەڵسوکەوت و وتەی کەسایەتی و ئیمامانی شیعە بۆ درێژەدان بە خەباتەکەی خۆی ئیلهام وەرگرێت و ئاوێتەی مارکسیزمیان بکات. بەڵام ئەو دوو ڕەوتە لە درێژەی تێکۆشانی خۆیاندا بە یەک ڕادە و لە ئاستی یەکتردا گەشەیان نەکرد و وەک یەک نەچوونە پێش.
بەپێچەوانەی ساڵانی دەیەی چلی هەتاوی، هێڵە مەزهەبییەکە بەهۆی نفووزی مەلاکان لە نێو کۆمەڵگەدا، پەلهاویشتنی بۆ نێو توێژی بازاڕی و چینی مام ناوەندی شار و، پێگەی لە مزگەوتەکاندا بەرەبەرە پێش ڕەوتە مارکسیستییەکە کەوت. تا وای لێ هات بزووتنەوەی چەپ تا ڕادەیەک بوو بە پاشکۆی بزووتنەوە ئایینەکە. ئاکامی هاودەستیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو دوو ڕەوتە سیاسییەش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانی لێ کەوتەوە کە بەر لەوەی ئینقلابێکی نەتەوەیی یان مەزهەبی بێت، لە ڕاستیدا ئینقلابێکی چینایەتی بوو کە بەرگی مەزهەبی بە بەردا کرا. ئەو بەرگە مەزهەبییەش بەس بوو بۆ ئەوەی دەورانی شەریکایەتی و چاوچاوێنی ئەو دوو ڕەوتە لەگەڵ یەکتر بەرەبەرە کۆتایی پێ بێت. مەزهەبییەکان کە بە ڕێبەریی خومەینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ڕەوتە مارکسیستییەکەیان لە مەیدانەکە وەدەرنا. بەم جۆرە بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە هەردوو بەرەی چەپ و ڕاست پاک کرایەوە. کەسایەتییەکانی بەرەی ڕاست کە دەسەڵاتی پاشایەتی نوێنەرایەتیی دەکردن، ئەوانەی توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە و ڕێبەرانی بەرەی چەپیش یان لە زیندانەکاندا توند کران و دواتر ئیعدام کران، یان وەک ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار بەرەو دەرەوەی سنوورەکان پاشەکشەیان پێ کرا.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا وێڕای تۆخکردنەوەی بارە ئایینییەکەی، بە ناوی لاگری لە مستەزعەفان، دوژمنایەتیی ئیمپریالیزم، بە دەوڵەتیکردنی ئابووریی وڵات، خۆدوورگرتن لە زەرق و بەرق و بەکارهێنانی پێرسۆنێلی جلشڕ و ڕۆخسار شپرز و هەندێک ئاکاری پۆپۆلیستی، هەوڵی دەدا وەفاداریی خۆی بە بزووتنەوەی چەپ، بەڵام بەبێ حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان نیشان بدات. شەڕی ئێران و عێراق کە پتر کۆمەڵگەی ئێرانی لە دۆخی ئینقلابدا هێشتەوە و هاوکات خەڵکیشی هەژارتر کرد، زیاتر یارمەتیی بە بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە کرد، بەڵام بە کۆتایی هاتنی شەڕ، بەرەبەرە ڕەوتێک پەیدا بوو کە لە بەرانبەر ڕەوتە سەرەکییەکەدا کە پشتی بە پێگە نەریتییەکەی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی پەراوێزی شار و دانیشتوانی شارستان و گوندنشیناندا بەستبوو، هەوڵی دا سەرنجی چینی مام ناوەندی شار بەتایبەت شاری تاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەوان خۆیان سەر بەو چینە کۆمەڵایەتییەی شار بوون کە بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ ئینقلابی ئیسلامی کەوتبوون، بەڵام ئێستا لاگری کرانەوەی ئابووری، هەندێک کرانەوەی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی بە قازانجی پێگەی چینایەتیی خۆیان بوون. ئەم ڕەوتە کە دواتر ناوی ڕیفۆرمخواز یان ئیسڵاحتەڵەبی لێ نرا، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی هەمان چینی مام ناوەندی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت توێژی مام ناوەندی پایتەختنشین بوو کە پێشتر پشتیوانیی شای دەکرد، بەڵام بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ خومەینی کەوتبوو یان لانیکەم لە ئینقلابەکەدا بێ هەڵوێست بوو.
ڕەنگە بتوانین سەرەتای هەوڵەکانی ئەم ڕەوتە بۆ ڕۆژانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و لەژێر ڕێبەریی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانیدا بگەڕێنینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوبراو تەنیا خوازیاری کرانەوەی ڕێژەیی ئابووری بوو و نەیدەویست لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێگای خۆی لە ڕەوتە سەرەکییەکە جودا بکاتەوە، نەشیتوانی ڕێبەریی ئەم ڕەوتە بە دەستەوە بگرێت. ئەوە بوو کە لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز بە ڕێبەریی محەممەدی خاتمی بە کردەوە هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە. زۆرینەی پشتیوانانی ئەم ڕەوتە هەمان چینی مام ناوەند بوو، بەڵام بەهۆی دروشمە نیوە ئازادیخوازانەکانیان لە دۆخی پڕ لە خەفەقانی کۆماری ئیسلامیدا، زۆرجاریش دەیانتوانی سەرنجی چینە هەژارەکان و نەتەوە بندەستەکانیش بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. لەو کاتەوە ناکۆکیی نێوان دوو بەرەی ئیسڵاحتەڵەب و ئۆسوولگەرای کۆماری ئیسلامی کە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان هەوڵی چینی مام ناوەند بۆ بەدەستەوە گرتنەوەی دەسەڵات لە ئێراندا بوو، قۆناغی جۆراوجۆری بڕی تا سەرەنجام لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨دا بە چڵەپۆپە گەیی. لەو هەڵبژاردنەدا توێژی مام ناوەندی پایتەختنشین لە پشت میرحوسێن مووسەوی ڕاوەستا لە حاڵێکدا چینە هەژار و پەراوێزەکان لە دەوری دروشمە پۆپۆلیستییەکانی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد کۆ ببوونەوە. ئاکامی ئەو ململانێ توندە لە هەڵبژاردنەکاندا بە دۆڕانی مووسەوی و بە براوە ناساندنی ئەحمەدی نەژاد لە لایەن باڵی دەسەڵاتداری توندئاژۆ کۆتایی هات، بەڵام مووسەوی دۆڕانەکەی قبووڵ نەکرد. لە ئاکامدا بزووتنەوەی سەوز بە ڕێبەریی مووسەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی وەڕێخست. لە ئەو خۆپێشاندانانە سەرەڕای بەشداریی زۆری حەشیمەتی تاران، بەڵام هیچکات نەیانتوانی پەل بۆ شار و ناوچەکانی دیکە باوێژن. ئەوەش نیشانەی ئاشکرای ئەو ناکۆکییە بوو کە لە نێوان توێژی مام ناوەندی تاراننشین لەگەڵ دانیشتووانی شار و ناوچەکانی دیکەدا لە ئارادا بوو.
ئەگەرچی لە درێژەی ئەم ململانێیانەدا، دوای کۆتایی ماوەی سەرۆککۆماریی ئەحمەدی نەژاد، ڕەوتی ئیسڵاح تەڵەب توانی لەژێر ڕێبەریی حەسەن ڕووحانیدا جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە، بەڵام بەدرێژایی ئەو ساڵانەش کە لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵاتی سەرۆککۆمارییان بەدەستەوە دەگرت، ئەوان قەت نەیانتوانی بەو جۆرەی گەرەکیان بوو، دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. سەرچاوەکانی دەسەڵات بەردەوام لە دەست باڵی سەرەکیدا مانەوە و هەڵبژێردراوانی ڕەوتە ڕێفۆرمیستەکەش دوای هەڵبژێرانیان پشتیان لە وادە و بەڵێنەکانیان دەکرد و دەکەوتنە ژێر هەژموونیی باڵی خاوەن دەسەڵات و کڕ دەمانەوە. بە درێژایی ئەو ساڵانی ململانێیە، ئەو ڕەوتە وێڕای هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، هەوڵی دەدا باڵی دەسەڵاتدار ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بکات، بەڵام هەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکی ئەوان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرا. ئەوە بوو کە لە ئەنجامی هەر کام لەو ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانەدا شەپۆلێک لە ناڕازییان ناچار دەبوون وڵات بەجێ بهێڵن و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بگیرسێنەوە. بەرەبەرە خەڵکی ئازادیخواز چیدی باوەڕی بە وادە و بەڵێنەکانی ئەو ڕەوتە نەدەکرد و بە دەنگیانەوە نەدەهاتن و ئەو توێژەش لە بەدیهێنانی ڕیفۆرم و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نائومێد بوون. دواجار لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨دا بوو کە خەڵک بە دروشمی "ئیسڵاح تەڵەب ئۆسوولگەرا ئیتر با بەس بێت ماجەرا" کۆتایی یاریی مشک و پشیلەی ئۆسوولگەرا و ئیسڵاحتەڵەبیان ڕاگەیاند. بە جۆرێک کە ئاستی بەشداریی خەڵک لە دوا هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە ڕادەیەک کەم بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش هاواری لێ هەستا.
ئەو شەپۆلی کۆچبەرانەی کە بەدرێژایی ئەو ساڵانە لە ئەنجامی شکستی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامیدا لە دەرەوەی وڵات دەگیرسانەوە، لە دۆخی ئاساییدا زۆر کاریان بە خەباتی سیاسی نەبوو یان هەروا بە پشتیوانی ڕیفۆرمخوازەکان دەمانەوە و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان لە باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکردەوە، لە سەردەمی سەرهەڵدانی ژینا بە دواوە کە دابڕانی یەکجاریی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان دیت، بەتایبەت دوای پێکهاتنی هاوپەیمانیی جۆرج تاون، بەرەبەرە خولیا و خواستەکانی خۆیان لە ڕەزا پەهلەوی و ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی سیستەمی پاشایەتیدا دۆزییەوە. ئەو هەوڵانەی کە ئەوان پێشتر بە ناوی پێکهێنانی ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەیاندا، لەوە بەدوا تەرخانی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتییان کرد. ئەوەش بەو هۆیە بوو کە ئەو بەرژەوەندییە چینایەتییانەی پێشتر پێیان وابوو بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمیستەکان دەتوانن دەستەبەری بکەن، بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی باشتر بۆیان جێبەجێ دەکرێت.
لە تایبەتمەندییەکانی توێژی مام ناوەندی پایتەختنشین ئەوەیە هەموو ئێران بە موڵکی خۆی و دەسەڵات بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆی دەزانێت. لە بەرانبەردا ئەوانیتر بە نۆکەر و ئەگەر ناڕازی بن، بە مڵۆزم و دوژمن دەبینێت. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە، لە بەری داهاتی وڵاتیان چنیوە و لە سفرەی ئێرانیان خواردووە. زمانی ئەوان بە تۆبزی کراوە بە زمانی هەموو گەلانی ئێران و فەرهەنگی ئەوان، بە فەرهەنگی سەرەکی و فەرمی وڵات سەپێندراوە. سەرچاوەکانی دەسەڵات لە هەردوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بووە. لەپێناو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەشدا چەمکی خۆکردی ناسیۆنالیزمی ئێرانییان داهێناوە و خۆیان بە داشداری توندی ئەم چەمکە فەیکە لەقەڵەم دەدەن. لە سێبەری ئەو ڕوانگە پاوانخوازنەیەدا ئەوان هیچ چین و توێژ و زمان و نەتەوەیەکی دیکەی ئێران بە هاوبەشی وڵات و دەسەڵات نابینن. لە باشترین حاڵەتدا نەتەوە پەراوێزەکان بە پارێزەری سنوورەکانی خۆیان دەزانن. ئەو نەتەوانەش کە لێیان نزیکترن یان بە جۆرێک لە دەسەڵاتەکەیاندا بەشدارن، دەدەنە بەر توانجی سووکایەتی و زمان و فەرهەنگی ئەوان دەکەن بە گاڵتەجاڕی خۆیان و نوکتە و قسەی پێکەنینی نێو مەجلیسەکانیان. بێجگە لە پاشماوەکانی ساواک، پلەدارانی ئەرتەش و کاربەدەستانی پایەبەرز و وەچەکانیان کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە گیرفانی پڕەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە، سێلبریتییەکان، کاربەدەستانی پێشووی نێو وەزارەت و دامودەزگا گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی و خەڵکانی گیرفان پڕ کە دوای ئیختلاس و ڕفاندنی پارەی زۆری دەوڵەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرساونەتەوە، ئێستا بەشی سەرەکیی نزیکانی ڕەزا پەهلەوی پێک دەهێنن کە خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێرانن. ئەوە بێجگە لەو کاربەدەستە ئەمنییەتییانەی نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە گومان دەکرێت لە لایەن وەزارەتی ئیتڵاعات لە کۆماری ئیسلامییەوە ڕەوانەی نێو ئەو ڕەوتە کرابن. بە دەوری ئەوانەشەوە ئەو شەپۆڵە کۆچبەرانە کۆ بوونەتەوە کە دوای هەر ناکامییەکی ڕێفۆرمیستەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم توێژە نیشانی داوە کە وێڕای پاوانخوازییەکەی، بە تەواوی بەرژەوەندیخواز و لایەنگرانی سیاسیی تۆز و بان. بەو واتایە کە ئەگەر هەست بە شانسی لاوازی ڕەزا پەهلەوی بکەن یان کەس و لایەنێکی گونجاوتریان دەست بکەوێت، زۆر بە ئاسانی ڕووی لێ وەردەگێڕن و بە دەوری هەر کەس و لایەنێکدا کە بزانن شانسی زیاتری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەیە، کۆ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و هێرش و هەر کەرەستەیەک کە لە بەردەستیان بێت، خواستەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕەزا پەهلەوی ئاراستە دەکات، نە خۆی و خواست و هەڵوێستە سیاسییەکانی، بەڵکوو خواستە چینایەتییەکانی ئەو توێژە پاوانخوازەیە.