وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئیمارات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای ئاماژەدان بە ئاگربەستی ڕاگەیەندراو، جەختی لەسەر پێویستیی پێبەندی تەواوی ئێران لەسەر ڕاگرتنی خێرای هەمووی دوژمنایەتییەکان لە ناوچە و کرانەوەی تەواو و بێمەرجی گەرووی هۆرمۆزی کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا، ئیمارات بە ڕەخنەیەکی ڕاشکاو لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا، ٢ هەزار و ٨١٩ مووشەکی بالستیک و کرووز و هەروەها ژمارەیەکی زۆر دڕۆن بەرەو ژێرخانەکان، دامەزراوەکانی وزە و ناوچە مەدەنییەکان هاوێژراون کە بە وتەی ئەم وڵاتە، زیانی گیانی و دارایی بەرفراوانیان لێکەوتووەتەوە و نیشاندەری سیاستە هێرشبەرەکانی تارانن.
ئەبوزەبی جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشە تیرۆریستییەکان بهێنێت و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا مسۆگەر بکات و کۆتایی بە دزیی دەریای بهێنێت.
ئیمارات داوای گرتنەبەری شێوازێکی گشتگیری بەرانبەر کۆماری ئیسلامی کرد کە بەرنامەی ئەتۆمی، توانای مووشەکی، دڕۆن و تۆڕی هێزە نیابەتییەکانی بگرێتەوە و جەختی لەسەر پێویستیی لێپرسینەوە لە تاران و پێدانی قەرەبوو کردەوە.
ئەم وڵاتە هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێبەندییە نێودەوڵەتییەکان زانی.