لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی ئارژانتین بە فەرمی سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند.
ڕۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوە، نووسینگەی سەرۆککۆماری ئارژانتین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە بەهۆی دەور و نەخشی تێکدەرانەی سپای پاسداران و پشتگیریکردنی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان دراوە.
ئارژانتین، ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران بە داڕێژەری سەرەکیی تەقینەوە تێرۆریستییەکەی ساڵی ١٩٩٤ی ناوەندی "ئامیا" لە بوێنس ئایریس دەزانێت، کە تێیدا ٨٥ کەس بوونە قوربانی.
ئەم بڕیارە نوێیەی بوێنس ئایریس، ڕێژیمی تاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پتر بەرەو گۆشەگیری دەبات و دەبێتە هۆی توندبوونەوەی گەمارۆ سیاسییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی، کە نیشانەیەکە بۆ هەماهەنگیی زیاتری ئارژانتین لەگەڵ سیاسەتەکانی واشنگتۆن دژی تاران.
لە ڕووی کرداریشەوە، ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەپاندنی سزای دارایی توند و بلۆککردنی سەرجەم دارایی و بنکە ئابوورییەکانی سەر بە سپای پاسداران و دامەزراوەکانی لەو وڵاتەدا.
پێشتریش ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەی ئورووپایی، سپای پاسدارانیان وەک هێزێکی تێرۆریستی و تێکدەر لە ناوچەکە و جیهاندا ناساندبوو. ئەم بڕیارەی ئارژانتین لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژووی ڕەشی دەستێوەردانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان هەڵدەداتەوە.