کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: کۆماری ئیسلامی دەبێ دەست لە پشتیوانیی حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان هەڵبگرێت

10:51 - 20 خاکەلێوه 2726

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی دەبێ کۆتایی بە پشتگیریکردنی ئەو گرووپانەی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان بهێنێت و پێویستە تەنگەی هۆرمۆزیش بە کراوەیی بهێڵێتەوە."

ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێ پرسی لوبنانیش بخرێتە نێو ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی ئێرانەوە.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە شەڕی ئێستادا هیچ لایەک وەک براوە هەژمار ناکرێت و وتی: "لە ئێستادا تەنیا ئاگربەست جێگیرە." هەروەها داوای لە تاران کرد کە دەست لە هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت و بەکارهێنانی دڕۆن و مووشەکەکانیشی ڕابگرێت.

جێگەی ئاماژەیە، ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا لە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیایانە بەردەوامە، کە بەو هۆیەوە نەک تەنیا ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکی قووڵ کردووە، بەڵکوو ساڵانە میلیاردها دۆلار لە سەرمایە و سامانی نەتەوەیی خەڵکی ئێرانی لەو پێناوەدا خەرج دەکات کە ئەمەش کاریگەرییەکی وێرانی لەسەر دۆخی بژێویی خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکە دروست کردووە.