کیریاکۆس میتسوتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەو ڕاپۆرتانەی باس لە هەوڵی کۆماری ئیسلامی دەکەن بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە لەو کەشتیانەی بە گەرووی هۆرمۆزدا تێدەپەڕن، ئەم کارەی بە "بە تەواوی قبووڵنەکراو" وەسف کرد و لە لێکەوتەکانی لەسەر سیستمی بازرگانیی جیهانی هۆشداریی دا.
میتسوتاکیس کە وڵاتەکەی یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی کەشتیوانی لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت، لە گفتوگۆ لەگەڵ میدیاکاندا جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارێکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکات و ئەوەی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنەما سەرەکییەکانی ئازادیی کەشتیوانی زانی.
بە وتەی ئەو، هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی باج بەسەر کەشتییەکاندا، چ پێش شەڕ و چ دوای شەڕ، کارێکی ناڕەوایە و لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، دەبێتە "پێشینەیەکی زۆر مەترسیدار" کە دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی بازرگانیی جیهانی."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دێت کە تاران لە هەوڵی وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر لە نەوتهەڵگرەکانە وەک مەرجێک بۆ تێپەڕبوونی ئەمن لەم ڕێڕەوە هەستیارەدا؛ کارێک کە وەک بەردەوامیی سیاسەتە گرژیخوازەکان و گوشار بۆ سەر ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی وزە هەڵدەسەنگێندرێت.