جەی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی ڕاشکاودا هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند کە ئەگەر پێبەندی بەڵێنەکانی ئاگربەست نەبن، «ڕووبەڕووی لێکەوتەی زۆر جیددی دەبنەوە.''
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی بەرزدان و واشنگتۆن جەخت لەسەر پێبەندبوونی ئێران بە ئاگربەست دەکاتەوە.
وێنس لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی مەجارستان ئاماژەی بە هێزی سەربازی و ئابووریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و وتی: ''ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ئێستا باجێکی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و هێشتاش توانای ئەوەی هەیە هەنگاوی زیاتر بنێت.''
ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی توندی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە گەمارۆکان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردەوە و ڕایگەیاند: ''هیچ پێشکەوتنێک لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە قبووڵکراو نییە بەبێ ئەوەی ئەو وڵاتە پێبەندییەکی جدی نیشان بدات. سەرۆک کۆمار هەموو کارتەکانی گوشاری لەبەردەستە و بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکات.''
ئەم هۆشدارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ پاراستنی ئەو ئاگربەستە ناسەقامگیرەی لە نێوان ئێران و لایەنە ناوچەییەکاندا هەیە، کە نیشاندەری سیاسەتی توندواشنگتۆنە لە بەرامبەر هەر جۆرە پێشێلکارییەک و هەڕەشەیەک کە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە سەرچاوە بگرێت.