وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو گورزە کوشندانەی لە شەڕی ئەمدواییەدا بەری کەوتووە، ناچار بە قبووڵکردنی ئاگربەست بووە و پێشبینی دەکات ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی، گوشارەکانی سەر خەڵکی نێوخۆ و بەتایبەت کوردستان زیاد بکات.
کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئێران ئینتێرناشناڵ"، هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی سیاسی و سەربازیی دوای ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیل کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئاگربەستە لە ئەنجامی گەیشتنی ڕێژیم بە "بنبەست" هاتووەتە ئاراوە، چونکە لەم شەڕەدا نەک هەر ڕێبەرەکەیان، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکان و ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەکانیان لەنێو چوون.
کاک خالید عەزیزی وتی: "کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکدا نییە بتوانرێت لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەراورد بکرێت. تاران لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە و پێویستیی جیددی بەم ئاگربەستە هەبوو بۆ ئەوەی لەو گوشارە سەربازییە ڕزگاری بێت کە واشنگتۆن لە ڕێگەی گوشار و پەیامەکانەوە بەسەریدا سەپاندبووی."
وتەبێژی حیزبی دێموکرات جەختی کردەوە کە ئەم ئاگربەستە زۆر لەرزۆکە چونکە متمانە لە نێوان لایەنەکاندا بوونی نییە. ناوبراو وتی: "کۆماری ئیسلامی هەمیشە شوێنکەوتەی ستراتیژێکی ئایدیۆلۆژیک و تێکدەرانە بووە لە ناوچەکەدا و جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە. زۆر ئەستەمە ڕێژیم بتوانێت دەست لە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی، گرووپە نیابەتییەکان و مووشەکپەرانییەکانی هەڵبگرێت."
لە تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکەدا، خالید عەزیزی وتی کە ڕێژیم دوای قبووڵکردنی مەرجەکانی ئاگربەست، ڕەنگە هەوڵی "تۆڵەسەندنەوە" لە خەڵکی ئێران بدات. ناوبراو باسی لەوە کرد : "پێشبینی دەکەم ڕێژیم فەزای ئەمنییەتی نێوخۆی وڵات توندتر بکاتەوە، بەتایبەت لە کوردستان کە هەمیشە وەک ناوچەیەکی میلیتاریزەکراو سەیری کردووە، هەوڵی دروستکردنی دۆسیەی ئەمنییەتی بۆ هاووڵاتییان دەدات."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم ئاگربەستە لەسەر خەباتی کورد، خالید عەزیزی ڕایگەیاند: "خەباتی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات هەمیشە ئاراستەکەی بەرەو نێوخۆ بووە و هیچ کات تابع و پاشکۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووە. ئێمە بەشێک نەبووین لەو شەڕە و نابین؛ خەباتی ئێمە بۆ دێموکراسی و مافە نەتەوایەتییەکان لە نێوخۆی ئێران و لە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە و لایەنە ئازادیخوازەکانی دیکە بەردەوام دەبێت."
لە کۆتاییدا هیوای خواست کە بە کەمبوونەوەی تیشکی شەڕ لەسەر سیاسەتی دەرەوە، سەرنجی جیهان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر بارودۆخی نێوخۆی ئێران و خەباتی خەڵک دژی ڕێژیم گەرمتر ببێتەوە.