کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی سپای پاسداران بە مینڕێژکردنی گەرووی هۆرمۆز

13:22 - 20 خاکەلێوه 2726

سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە شێوەیەکی فەرمی دانی بە هەبوونی مینی دژەکەشتی لە سنووری گەرووی هۆرمۆزدا نا کە نیشاندەری چڕکردنەوەی سیاسەتە گرژیخوازەکان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەکێک لە زیندووترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانی.

لەو ڕاگەیەندراوەدا، هێزی دەریایی سپای پاسداران "ئەگەری هەبوونی جۆرەها مینی دەریایی" لە ڕێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا بڵاوکردەوە و داوای لە کەشتییەکان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەرکەوتن بە مینەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم هێزە و لە ڕێڕەوە جێگرەوەکانی دەوروبەری دوورگەی "لارک"ـەوە هاتوچۆ بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لە چاندنی دەیان مین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەن.

سپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک هەڕەشەی لەو کەشتییانە کردبوو کە لە کەنداو لەنگەریان گرتووە و ڕایگەیاند؛ هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەت لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕێت، دەکرێتە ئامانج و تێک دەشکێنرێت.

لەو پەیوەندییەدا، ڕاپۆرتی دامەزراوەکانی کەشتیوانی و دەریاوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئاگربەستی دوو حەوتوویی، بەردەوامە لە دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هۆرمۆز و ڕاگرتنی کەشتییەکان لە کەنداودا.

هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە دەیان بەلەمی مێنڕێژی ئێران کراونەتە ئامانج و تێک شکێنراون، بریتانیاش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، کەرەستەی مینراماڵینی بۆ ناوچەکە ناردووە.

شیرکەتی زانیاریی دەریایی و بیمەی "لویدز لیست" دەڵێت لە جیاتی ئەوەی ترافیکی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز ئاسایی ببێتەوە، شاهیدی "زیادبوونی باج‌وەرگرتنی چەند میلیۆن دۆلاری کۆماری ئیسلامین لە کەشتییەکان.