ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "عەلی یووسف حەرشی"، برازا و بەرپرسی نوسینگەی نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەو ئەرتەشەدا بۆ سەر بەیرووت کوژراوە.
بە وتەی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم هێرشە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە ئەنجام دراوە و حەرشی ڕۆڵێکی گرینگی لە بەڕێوەبردنی نووسینگە و پاراستنی نەعیم قاسمدا هەبووە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل هەواڵی ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی چەک، ڕاکێت و سەکۆی هاویشتنیان لە نێوان باکوور و باشووری ڕووباری لیتانی کردووەتە ئامانج.
لە هەمان چوارچێوەدا، بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە، جەختی لەسەر بەردەوامیی هێرشەکان کردەوە و ڕایگەیاند ئامانجیان گەڕاندنەوەی ئەمنییەت بۆ ناوچەکانی باکووری ئیسرائیلە.
ناوبراو زیادی کرد کە ژێرخانەکان، کۆگاکانی چەک و بارەگاکانی حیزبوڵڵا هێشتا لە لیستی ئامانجەکاندان.
گرژییەکان دوای هێرشەکەی ٢ی مارسی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل کە وەک پشتگیرییەک بۆ کۆماری ئیسلامی ئەنجا مدرا، چڕتر بوونەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامن.