کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستارمێر: نابێ گەرووی هۆرمۆز ببێتە ئامرازی باجگیریی ئێران

17:23 - 20 خاکەلێوه 2726

کیێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ ڕێگە بدرێت ئێران گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازێکی گوشار یان باجگیری بەکاربهێنێت.

ستارمێر لە کۆبوونەوەیەکی بەرگریی ناوچەییدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی کەنداو ڕایگەیاند کە بریتانیا لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەم ململانێیانە جێگیرە و خوازیاری کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە وڵاتان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو سەبارەت بە دۆخی گەرووی هۆرمۆز کۆ ببنەوە، تا ڕێگری لە مەترسییەکان بکرێت و ئەمنییەتی کەشتیوانی مسۆگەر بکرێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، سپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دابوو کە هەر کەشتییەک بێ مۆڵەت لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕێت، دەکرێتە ئامانج و "لەنێو دەبرێت".

لەگەڵ ئەوەشدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە داخرانی گەرووی هۆرمۆز دەکەن و بە نادروستی وەسف کردن.