وڵاتانی عەرەبیی کەنداو ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی دوو حەوتوویی، ۳۵ مووشەکی بالستیک و زیاتر لە ۱۰۳ دڕۆنی بەرەو ئەو وڵاتانە هاویشتووە کە لەگەڵ کاردانەوەی بەرفراوانی سیستمەکانی بەرگری ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە لە ۱۹ی خاکەلێوە و لەدوای ئاگربەست، ۱۷ مووشەکی بالستیک و ۳۵ دڕۆنی تێک شکاندوون.
۶ مووشەک و ۳۱ دڕۆنی دیکەش ئاراستەی بەحرەین کراون و ئەو وڵاتە جەختی کردەوە کە بەشێک لەو هێرشانە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە ڕوویان داوە.
هەروەها قەتەر ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکەمی ئاگربەست، ٧ مووشەکی بالستیک و ژمارەیەک دڕۆنی ئێرانیان شناسایی و تێک شکاندووە و لە عەرەبستانیش سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتە لە ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپەرچی ٥ مووشەکی بالستیک و ٩ دڕۆنیان داوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەندێک لەو هێرشانە ژێرخانە گرینگەکانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە دامەزراوەکانی وزە، وێستگەکانی کارەبا و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو و زیانیان لێ کەوتووەتەوە.
لە کاردانەوەدا، دۆناڵد ترامپ هۆشداری دا کە لە ئەگەری پێبەندنەبوونی تەواوی ئێران، هێرشەکانی سەربازی دەست پێ دەکاتەوە.