کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنان: تەنیا دامەزراوە دەوڵەتییەکان بۆیان هەیە لە بەیرووت چەکیان پێ بێت

18:38 - 20 خاکەلێوه 2726

دەولەتی لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، تەنیا یەک ڕۆژ دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرتاسەری ئەو وڵاتە، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەتییەکان کرد کە چەک و تەقەمەنی لە بەیرووت بە تەنیا لە دەستی ناوەندە دەوڵەتییەکاندا بێت.

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لە کۆتایی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیراندا وتی: ''داوا لە ئەرتەش و هێزە ئەمنییەتییەکان دەکرێت کە دەستبەجێ سەروەریی تەواوی دەوڵەت بەسەر پارێزگای بەیرووتدا بسەپێنن و چەک تەنیا لە دەستی دەسەڵاتە شەرعییەکاندا بێت.''

پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری راگەیاندنی لوبنان ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی دوو وەزیرەکەی حیزبوڵڵا لە نێو کابینەی دەوڵەتدا.

دەوڵەتی لوبنان ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەغە کرد، بەڵام ئەم بڕیارە ڕێگری لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم گرووپە چەکدارە نەکرد کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت.

ئەمریکا حیزبوڵڵای لوبنان وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەناسێت، بەڵام یەکیەتیی ئورووپا تەنیا باڵە سەربازییەکەی خستووەتە لیستی تێرۆرەوە.