کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٨٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

11:54 - 21 خاکەلێوه 2726

کوردستانییانی ئازیز!

لاوانی تێکۆشەر و خەباتکار!

لە ٨٣یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئێمە تەنیا یادی بۆنەیەک ناکەینەوە، بەڵکوو ڕێز لە مێژوویەکی زیندوو دەگرین کە بە ئیرادە و هۆشیاریی لاوانی کورد نەخشێنراوە. ئەم ڕۆژە، وەبیرهێنەرەوەی دەستپێکی ڕێگەیەکە کە تێیدا لاوان نەک هەر هاوکار، بەڵکوو پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری، ئازادی و کەرامەتی کوردستان بوون. لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە لە لاوانی کورد و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی لاوی یەکیەتیی لاوان لە کوردستان و لە دیاسپۆرا دەکەین.

ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو، ئێمە دەباتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستان؛ ئەو شوێنەی کە لاوانی شۆڕشگێڕ، لەپاڵ ڕێبەرانی نەتەوەییدا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە دروستکردن و پاراستنی ئەو ئەزموونە مێژووییەدا گێڕا. ئەوان بە ئازایەتی و باوەڕ بە ئازادی و ڕزگاری، نەک هەر لە مەیدانی خەباتدا ئامادە بوون، بەڵکوو هەڵگری مەشخەڵی هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسی لەنێو کۆمەڵگەدا بوون. هەر ئەو ڕۆحیەتە شۆڕشگێڕانە و بەرپرسیارێتییە بوو کە دواتر لە بەردەوامیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەنگی دایەوە.

یەکیەتیی لاوان و لاوانی کورد، هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان؛ لە خەباتی سیاسی و فەرهەنگییەوە بگرە تا ئامادەبوون لە سەنگەرەکانی خەبات و بەرگریی پێشمەرگانەدا. لە تاراوگەشدا، لاوان بە پاراستنی ناسنامە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی دواتر و بوون بە دەنگی نەتەوەکەیان، ڕۆڵێکی گرنگیان لە جیهانیکردنی پرسی کورددا گێڕاوە.

ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی خەڵکی و گرژی و تێکهەڵچوونە سەربازییەکانە، دووبارە ئەم لاوانەن کە لە هێڵی پێشەوە وەستاون. لاوانی کورد، بە هۆشیاری لە مێژوو و ئەزموونەکانی ڕابردوو، نەتەنیا بۆ ئازادیی گشتی، بەڵکوو بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان و ناساندنی ناسنامەی خۆیان خەبات دەکەن. ئەم ئامادەییە، درێژەی هەمان ئەو ڕێڕەوە مێژووییەیە کە لە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ درێژ بووەتەوە.

نەوەی ئەمڕۆ، نەوەیەکە کە هەم پارێزەری میراتی ڕابردووە و هەم بونیاتنەری داهاتووە. ئەم نەوەیە بە ئامرازە نوێیەکان، لە میدیاوە تا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توانیویەتی دەنگی خۆی بگەیەنێتە ئەودیوی سنوورەکان و گێڕانەوەی سەربەخۆی خۆی دروست بکات. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە، لە هەوڵدایە تا ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی پێشەنگ و هاوتەریب لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم نەوەیە، پێناسە بکاتەوە.

داهاتووی ئەم ڕێگەیە، گرێدراوە بە هاوپێوەندی، هۆشیاری و بەردەوامیی خەباتێک کە ڕەگی لە مێژوودایە و چاوی لە سبەینێیە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بێ ئامادەیی و ڕۆڵگێڕانی لاوان، وێنا ناکرێت. تاراوگەش هەمیشە وەک پشتێنەیەکی گرنگ، ئەم کاروانە بەهێزتر دەکات.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، ئێمە بە شانازییەوە دەڕوانینە ڕابردوو، بە تێگەیشتنێکی قووڵەوە لە ئێستا دەدوێین و بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێین. ڕێکخراوەکەمان، وەک سەنگەرێک بۆ بیرکردنەوە، خەبات و ئومێد دەمێنێتەوە؛ ئەو شوێنەی کە لاوانی کورد نەتەنیا خەونی ئازادی بە زیندوویی ڕادەگرن، بەڵکوو لە ڕاستی نزیکتری دەکەنەوە.

لە کۆتاییشدا، دیسانەوە پیرۆزبایی ٢٢ی خاکەلێوە، ٨٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان و لاوانی هۆشیار و خەباتکاری کوردستان، دەکەین. بەهیوای هاتنەدیی ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمان کە ئازادی و ڕزگارییە.

 

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەری

٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی