کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەردەوامیی پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران

12:15 - 21 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ بێباکی بەرپرسانی ڕێژیم بەرامبەر بە داواکاریی خەڵک، ناڕەزایەتییەکان دژی پچڕانی ئینتێرنێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی "نێت بلاکس"، گەمارۆی ئینتێرنێتی لە ئێران پێی نایە ٤٢ـەمین ڕۆژی خۆی و ڕێژیم بۆ ماوەی نزیکەی هەزار کاتژمێر، پێوەندییەکان و بژێویی میلیۆنان کەسی پەک خستووە.

کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئینتێرنێتی بڕیوە، ئێستا خاوەنی ڕیکۆردی درێژخایەنترین پچڕانی ئینتێرنێتە لە جیهاندا.

نێت بلاکس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گەمارۆیە تەنیا بۆ خەڵکی ئاساییە و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، دەستیان بە ئینتێرنێتی جیهانی دەگات.

سەرەڕای دەستپێکی ئاگربەستی دوو حەوتوویی لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە. شارۆمەندان دەڵێن ئەگەر شەڕ بیانوو بوو، ئێستا بۆچی ئەم گەمارۆیە بەردەوامە؟ هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم بێدەنگییان هەڵبژاردووە و درێژە بە سیاسەتی دابڕانی خەڵک لە جیهانی دەرەوە دەدەن.