کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکاریی نوێ سەبارەت بە هێرشی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

12:22 - 21 خاکەلێوه 2726

لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە شەڕی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا ١٩ی خاکەلێوە، وردەکاریی زیاتر لەبارەی هەڵمەتە هاوبەشە ٤٠ ڕۆژەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ٩ی ڕەشەمەوە بە ئامانجگرتنی نووسینگەی عەلی خامنەیی دەستی پێکرد و بووە هۆی کوژرانی خۆی و ژمارەیەک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی ڕێژیم.

ئێران لەم ماوەیەدا نزیکەی ٦٥٠ مووشەکی بالستیکیی بەرەو ئیسرائیل تەقاندووە کە زیاتر لە نیوەیان تەیار کرابوون بە کڵاوەی هێشوویی.

ئەم هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی ٢٤ کەسی مەدەنی. هەروەها ڕەوتی تەقاندنی مووشەکەکان لە نزیکەی ٨٠ مووشەک لە ڕۆژی یەکەمدا، بۆ تێکڕای ١٠ تا ٢٠ مووشەک لە ڕۆژانی کۆتاییدا کەمی کردووە.

لە بەرامبەردا، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٨ هەزار بۆمبی لە چوارچێوەی هەزاران هێرشدا بەسەر زیاتر لە ٤ هەزار ئامانج لە ئێراندا باراندووە.

هەروەها نزیکەی ٦٠ لەسەدی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی بالستیکیی ئێران تێک شکێنراون یان لەکار خراون و بەشێکی زۆری سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەش لەنێو چوون.

لە کەرتی ئەتۆمیدا، دامەزراوە سەرەکییەکان لەوانە سایتە پەیوەندیدارەکانی پیتاندن و توێژینەوە کراونەتە ئامانج. هاوکات، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە ئابوورییەکان لەوانە پیشەسازییەکانی گاز، پێترۆشیمی و هێڵی ئاسن، زیانێکی بەرچاویان بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.